تا ئێستە داواکارییەکانی کورد بەپێی ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵێک بەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شییاع سوودانی بە بەشداری هێزە شیعەکان و کورد و سوننە تێدەپەڕێت، لە کارنامەی حکوومەتی سوودانیدا بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە دراوە کە تایبەت بوون بە پرسی کورد لە عێراقدا، کە بۆ چارەکردنی ڕیشەیی کێشەکان دانرابوون، بەڵام تا ئێستە ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە پرسی کورد و مافەکانییەوە هەیە، جێبەجێ نەکراون، کە کورد ڕۆڵ و هێزێکی گەورە و لایەنێکی دیاری پێکهێنەری ئەم حکوومەتەیە.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی عێراق بە ‌سەرۆکایەتی محەممەد شییاع سوودانی، بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەکان و ململانێی سیاسییەوە، نەتوانراوە ڕێککەوتننامەی هاوپەیمانی بەڕیوەبردنی دەوڵەت کە داخوازی کورد و سوننەی لەخۆگرتبوو، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەشێک لە کارنامەکەی سوودانی کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو، ماوەی مانگێک تاکو شەش مانگی بۆ دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەکراون.
لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەتی نوێی عێراق پێکهاتبوون لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانی نەسر، ڕەوتی فوراتەین، بزووتنەوەی حقووق، حزبی فەزیڵە، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت و بزووتنەوەی عەتاء.
کورد ڕۆڵ و هێزێکی گەورە و لایەنێکی دیاری پێکهێنەری ئەم حکوومەتەیە، کە بە کۆمەڵێک داواکاری بەشداری تێدا کرد، محەممەد شییاع سوودانی لە ‌کاتی وەرگرتنی متمانە لەلایەن پەرلەمان و خوێندنەوەی کارنامەی حکوومەتەکەیدا، بەڵێنی دا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکات و بۆ بەشێکیان لە ماوەی مانگێک تاوەکو شەش مانگی بۆ دیاری کرد، کە گرنگترینیان دەرکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر تەمەنی ئەم حکوومەتەدا، بەهۆی ڕێگری لایەنە سیاسییەکانەوە،‌ نەتوانراوە داواکارییەکانی گەلی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
گرنگترین داواکارییەکانی کورد لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شییاع سوودانی لە کۆمەڵێک خاڵ و بڕگەدا پێکهاتبوو،‌ کە لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا گشت هێزە بەشداربووەکان ئیمزایان لەسەر کردبوو.
بڕیار وابوو هەموو ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان هەیە بە هەماهەنگی دەربکرێن، هاوکات گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجە بکرێت و پڕۆژیاسای نەوت و گاز لە شەش مانگدا دەربچێت، هەروەها لەگەڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان لە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ماوەی مانگێکدا.
کاراکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ماوەی مانگێکدا یەکێکی دیکە بوو لە داواکارییەکانی کورد و لە پاڵ پێکهێنانی فەوجی فریاکەوتن لە دانیشتووانی کەرکووک. هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ‌ماوەی ساڵێکدا، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، داواکارییەکی دیکەی کوردە لەو حکوومەتە.
کورد داوای لەو حکوومەتە کرد، بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بکاتەوە، هاوکات داوای کرد پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی لە ‌ماوەی شەش مانگدا دەربچێت.
د. ئازاد محەممەد، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ کورد لە حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق بەشدار بووە و ڕۆڵێکی کارای هەبووە، چونکە ئەگەر لەبەر کورد و لە ناو کوردیش لەبەر پارتی و سەرۆک بارزانی نەبوایە، لایەنە شیعەکان بە ئاسانی ڕێک نەدەکەوتن و نەیان دەتوانی حکوومەت پێک بهێنن، بەڵام سەرۆک بارزانی هەموو کات لایەنە شیعەکانی کۆ دەکردەوە و دەبووە فریادڕەسی شیعەکان، لەو کاتەش زۆر بەڵێنیان بە کورد دەدا، بەڵام کاتێک حکوومەتیان پێک دەهێنا، شیعەکان دژی کورد و مافەکانیان دەوەستانەوە.
دەشڵێ: لە عێراق کێشە شەخس نییە، کێشە ئەو حوکمڕانییە کە عێراق بەڕێوەدەبات، پێکەوەژیانیان پێ قووت ناچێت و ئامادە نین مافەکانی کورد دابین بکەن، لە ٢٠٠٣ـەوە تا ئێستە یەک داواکاری کورد جێبەجێ نەکراوە، لە حکوومەتی سوودانی زۆر بەڵێن بە کورد دراون، بەڵام تا ئێستە وەکو دەبینین یەک بەڵێن جێبەجێ نەکراوە، کورد کێشەی لەگەڵ بەغدا نییە ئەگەر بێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان گەرەنتی بکرێن.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە تێپەڕینی ساڵێک بەسەر پێکهێنانی کابینەکەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: هەڵسەنگاندنی هەر سیستەمێکی حوکمڕانی لەسەر سێ بنەما دەبێت، ئەوانیش ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت و ڕێژەی جێبەجێکردنی کارنامەکە، هەروەها ڕێژەی متمانەی هاووڵاتییان بە کارنامەکە و جێبەجێکردنی، هاوکات لەگەڵ بەدەستهێنانی پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەکی.
ئەو ئەندام پەرلەمانە، دەشڵێ: لە کارنامەی کابینەکەی سوودانیدا هەردوو تەوەری ٢٠ و ٢٣ تایبەت بوو بە کورد و چارەکردنی کۆمەڵێک بابەتی سەرەکی و هەڵپەسێردراو، بەڵام سوودانی لەژێر فشاری هەندێک لایەندا نەیتوانی ئەو بابەتانە چارەبکات و داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکات، ئەوانەی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیان لە سوودانی کرد، ئێستە دژایەتی دەکەن و فشاری دەخەنەسەر، بەتایبەت ئەوان پێشتر دەیانویست سوودانی تەنیا بۆ بەرژەوەندی و ئەجێنداکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەکاربهێنن، بەڵام سوودانی تاڕادەیەک توانی ئەو بابەتە تێپەڕێنێت و بە تەواوەتی نەچێتە ژێر فشارەکان.

ھەواڵی زیاتر