ڤیستیڤاڵی هەنگوین و هەنار لە زاخۆ

ئا: محەمەد لادێ

بۆ یەکەمین جار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڤیستیڤاڵێک بۆ بەرهەمی هەنار و هەنگوینی ناوخۆیی تایبەت بە ناوچەکە بەڕێوە چوو. لە فێیستیڤاڵەكەدا باخەوانانی ناوچەكە چەندین بەرهەمی خۆماڵییان بۆ ئامادەبووان نمایش كرد.

ڤییستیڤاڵەکە لە پردی دەلالی زاخۆ بە بەشداری دەیان باخەوان و هەنگەوانی ناوچەکە بەڕێوە چوو کە تیایدا چەندین جۆری هەنگوین و هەناری ناوازەی دەڤەرەکە نمایش کرا و بەرپرسانی ڤیستیڤاڵەکەش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڤیستیڤاڵە هاندانێکە بۆ باخەوانەکانی ناوچەکە بۆ زیاترکردن و باشترکردنی بەرهەمەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی زاخۆ ڕایگەیاند “ئامانج لە کردنەوەی فێستیڤاڵەکە نیشاندان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی باخەوانەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. هاوکات هەوڵێکیشە بۆ پاڵپشتی لە سێکتەری کشتوکاڵ.“
جێی باسە زاخۆ لە ڕووی خاک ئاو و هەواکەیەوە ناوچەیەکی لەبارە بۆ کشتوکاڵ و توانای بەرهەمهێنانی بەروبوومێکی زۆر و ناوازەی هەیە و بەروبوومی ئەو ناوچەیەش تامێکی تایبەتی هەیە و ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر بەرهەمی هەیە بە تایبەت هەنگوین و هەنار بۆیە پێویستی بە ڤیستیڤاڵێکی لەو شێوەیە هەیە بۆ ناساندن و ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان. هەرچەندە ئەمە یەکەمجار بوو ڤیستیڤاڵێکی لەو شێوەیە ئەنجامبدرێت بەڵام بڕیاردراوە کە ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان دووبارە ببێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، “جووتیاران داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هاوکاریان بێت و کار بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بکات. هاوکات داوا دەکەن ئاو و پێدوایستییەکانی دیکەیان بۆ دابین بکرێن، هەڵبەتە حکومەتیش ئەم داواکاریانەی لەبەرچاو گرتووە و بەردەوام پشتیوانی لە باخەوانان دەکات”.