باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ستایشی بڕیارێکی سەرۆك بارزانی دەکات

باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەستخۆشی لە بڕیاری سەرۆك بارزانی بۆ پێشکەشکردنی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بۆ زانكۆی كەركووك دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 28ی تشرینی یەكەمی 2023، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئێریك شوڤالییێ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سڵاوی سەرۆك (ماكرۆن)ـی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوەكانی ناوچەكە و ئەگەر و مەترسییەكانی قۆناغی داهاتوو، ئاڵوگۆڕ كرا.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەستخۆشی لە بڕیاری سەرۆك بارزانی كرد كە لەپێناو هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێشكەشی زانكۆی كەركووك كرد و، بە بڕیارێكی حەكیمانەی لەقەڵەم دا”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و، هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەرز نرخێندرا.