حكوومه‌تی عێراق پێشوازی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی پارتی له‌ كه‌ركووك ده‌كات

گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ پێشوازی له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنی باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ كه‌ركووك به‌ زانكۆی شاره‌كه‌.

باسم عه‌وادی گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: حکوومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەریی پارتی دەکات بە پێشكه‌شكردنی باڵه‌خانه‌ی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ كه‌ركووك بۆ زانکۆی کەرکووك.

راشیگه‌یاند: محه‌مه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە حەکیمانەی پارتی بەرز دەنرخێنێت و دووپاتیش له‌ پاراستنی ئاسایش و پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی له‌ كه‌ركووك و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی تری عێراق ده‌كاته‌وه‌.

بەسەرپەرشتی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ سه‌ڵاحه‌دین كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ند بابه‌تێكی گرینگ تاوتوێ كران، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌تی باره‌گاكانی پارتی له‌ كه‌ركووك، له‌مباره‌یه‌وه بڕیاردرا “له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شاری كه‌ركووك و، پێزانین و ڕێزگرتن له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر و تێكۆشه‌ری ئه‌م شاره‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆڕاگر و به‌رده‌وام قوربانیده‌ربوون له‌پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانیان، كۆبوونه‌وه‌ بڕیاری دا پارتیمان باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پێشووی خۆی له‌ كه‌ركووك، پێشكه‌شی‌ زانكۆی كه‌ركووك بكرێت وه‌كو دیارییه‌ك بۆ قوتابییانی ئه‌و شاره‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه‌، هاوكات كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ده‌ركردنی بریاری ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتیمان له‌و شاره‌دا”.