بە ئامادەبوونی سەدان کەس تەرمی شەهید ساڵح زراری بەخاکسپێردرا

بە ئامادەبوونی سەدان هاووڵاتی؛ تەرمی شەهید عەقید ساڵح زراری لە گوندی زەرگەزەوی بەخاکسپێردرا. بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، شەهید ساڵح “فەرماندەیەکی ئازا و چاونەترس و دڵسۆزی ئەرکەکەی بوو”.

عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادەی پێشمەرگە، دوای سێ رۆژ لە برینداربوونی لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچووخ، لە سنووری مەخموور، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو و، تەرمەکەی لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەدان هاووڵاتی، فەرماندەی سەربازی، بەرپرسانی حکومی و حزبی لە گوندی زەرگەزەوی، لە ناوچەی زەرارەتی بەخاکسپێردرا.

عەبدولخاڵق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەدا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ناچارین هەموو خولەک و کاتژمێرێک بەرگریی لە خاکی کوردستان بکەین، چونکە دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام و لە هەموو قۆناغەکاندا ئامانجی سەرەکییان داگیرکردن و لەناوبردنی وڵاتەکەمان بووە. ئێستاش لە ئەنجامی شەونخونی و ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەکانمان کوردستان ئارامە”.

عەبدولخاڵق باپیری لەبارەی رۆڵ و کەسایەتیی ئەو فەرماندەی پێشمەرگە، گوتی: “شەهید عەقید ساڵح بەدرێژایی ژیانی خەباتی کردووە بۆ پاراستنی کوردستان؛ لە شۆڕشی گوڵان پێشمەرگەیەکی چاونەترس، چالاک و زیرەک بوو و، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوسەنگەرەکانی لە دەشتی هەولێر لە رۆژانی سەختدا تێکۆشانیان کردووە. بەهۆی چاونەترسی، ئازایەتیی و دڵسۆزی بۆ ئەرکە پیرۆزەکەی، چەندان پۆستی باڵای پێدراوە و جێگەی متمانە بوو”.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد: “ناوچەی زەرارەتی تا ئێستا چەندین شەهیدی لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کورستان داوە. ئەم ناوچەیە لە هەموو قۆناغی خەبات و تێکۆشاندا؛ شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان، راپەڕین و تا ئەمڕۆش خوێن لەپێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان دەڕێژێت وەکو هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان. ئەم گوندەش (زەرگەزەوی) تاوەکو ئێستا 15 شەهیدی لەپێناو پاراستنی کوردستاندا داوە”.

وەکو ئەوەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە باسی دەکات، “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو ئاگرێکی گەورەدایە؛ ناچارین بەرگریی لە خاکی کوردستان بکەین. بڕواتان هەبێت کێشەکە، دوو رەبایە نییە، بەڵکوو کێشەکە لە بنەڕەتدا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. نەیارانمان دەیانەوێت کوردستان لەناوببەن و ناسەقامگیری لە وڵاتەکەمان دروست بکەن”.