دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی پارتی لەكەركوك: بە بەرنامە كار بۆ تەعریب كردنی کەرکووک دەکرێت

مەزهەر کەریم – سلێمانی

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی پارتی لەكەركووك لە گفتوگۆی لەگەڵ “هەولێر” ئاماژە بەدژایەتی ئیدارەی ئێستای كەركووك دەكات بەرامبەر بە هاوڵاتیانی كورد و دەڵێت: گەڕەکە كوردنشینەکانی كەركووك پەراوێزخراون نایەكسانی و تەعریب بەردەوامی هەیە، لەپۆستە ئیداریەكانی شارەكەدا لەجێگەی هاووڵاتیانی كورد عەرەب دادەنرێت.

  • دۆخی ئێستای كەركووك چۆنە؟
  • كەركووك لەمەترسیدارترین دۆخدایە، چونكە لە سنووری پارێزگای كەركووك بەبەرنامە تەعریب دەكرێت، دەبێت پارتی و كورد بەرنامەی هەبێت بۆ ئەم شێوازە لە تەعریبە. دەبێت بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی كەركوك بكرێت.
  • ئیدارەی ئێستای شارەكە چۆن دەبینن ؟
  • ئیدارەی ئێستای كەركووك بەهەموو شێوەیەك دژایەتی كوردی كەركووك دەكات، تەعریب و نایەكسانی لەدامەزراندن و پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان لەشارەكەدا بەدەوامە. گەڕەك و ناوچە کوردنشینەکانی كەركووك پەراوێز خراوە. پێگەی نەتەوەی كورد لەپۆست و ئیدارەدانی پارێزگاکە لەبەرچاو نەگیراوە و لەجێگەی پشکی كورد عەرەب دادەنرێت لە پۆستە ئیدارییەکان.
  • لەماوەكانی پێشوودا لیژنەیەك لەپەرلەمانی عێراق لێكۆڵێنەوەیان دەستپێكرد لەسەر شەهیدانی ڕووداوەکەی مانگی ئەیلوول هیچ ئەنجامێک هەیە ؟
  • بەداخەوە تا ئەم ساتەی لەگەڵ ئێوە قسە دەكەم حكوومەتی عێراقی هیچ هەڵوێستێكی نەبووە لەسەر ئەو ڕووداوە. لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق هاتنە كەركووك، بەڵام ئەنجامێكی ڕوون دیار نی یە، دەبێت پەرلەمانتارانی كورد لەپەرلەمانی عێراق خەخت لەسەر ئەم بابەتە بكەنەوە، چونكە ئەو كەسانە لەپێناو ناسنامەی كوردستان و كورد بوون لەكەركووك شەهید بوون.
  • چ شتێک مەترسییە بۆسەر کورد لە کەرکووک؟
  • ئومێدمان بەئایندە هەیە ئومێدیش ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی بۆ دروستكردوین، بەڵام ئێستا مەترسییەک هەیە و ئەوەیە، كە كورد لەكەركوك یەكدەنگ نییە ناتەبایە. ئەم جارەش شەڕی شووناس بێتەوە دەبێت هەوڵبدرێت زۆرترین بەشداری لە هەڵبژاردن بكەین كورسیەكانی پارێزگاكە بەدەست بهێنین.