بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت سەد هەزار تۆنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئامانجی حکوومەتی ھەرێم لە ھەناردەکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکان دۆزینەوەی بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرھەمانەی لە ناوخۆ زیاترن. ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، ڕایگەیاند: بایەخیی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ وایکردووە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرھەمی جووتیاران زیاد بکات، ئەمساڵ تەنیا لە سنووری ھەولێر شەش سەد ھەزار تۆن بەرھەممان ڕەوانەی دەرەوە کردووە و توانیومانە سەبەتەی خۆراکی شارەکانی دیکەی عێراق پڕ بکەینەوە. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەرھەمەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی کوالێتی و نرخەوە گونجاون، ھەر ئەوەش وای کردووە کە لە دەرەوە خواست لەسەر بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پشتیوانیی بەرھەمی ناوخۆ بەردەوامە، ئێستە بەرھەمی پەتاتەی کوردستان ھەناردەی بازاڕەکانی کەنداو دەکرێت، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات، ڕێککەوتنێکی لەبارەی ھەناردەکردنی سێزدە ھەزار تۆن پەتاتە کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە بەرھەمی ساڵانەی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت سەد ھەزار تۆنە و پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و بەرھەمە زیادەکە ھەناردەی دەرەوە دەکرێت. پێشتر حکوومەتی ھەرێم، ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ئیماراتی کردووە کە دە ھەزار تۆن پەتاتەی کوردستان ھەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
بەرھەمی پەتاتەی ئەمساڵی ھەرێمی کوردستان شەش سەد و پەنجا ھەزار تۆنە، بۆ ناوخۆ سەد ھەزار تۆن پێویستە و بڕیارە زیاتر لە پێنج سەد ھەزار تۆن لەو پەتاتەیە ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکرێت، چونکە لە ناوخۆ بەکارناھێنرێتەوە.
ئەوە چەند ساڵێک دەبێت حکوومەتی ھەرێم ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ جووتیاران کردووە، بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان لە بازاڕ ساغ بکەنەوە، بۆ ئەمساڵ چەند بەرھەمێکی دیکە ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت، ئەوەش دەبێتە ھاندەرێک کە جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆیی بدەن.
ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەناردەکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکان دۆزینەوەی بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرھەمانەی لە ناوخۆ زیاترن، لەوانە پەتاتە، سێو، سماق و برنج لە خواستی ناوخۆ زیاترن، بۆیە پێویستییان بە ساغ کردنەوە ھەیە، ھەنگاوەکان بەردەوامن بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ تا جووتیاران ماندووبوونیان بە فیڕۆ نەچێت و ھاندانێکیش بێت بۆ ئەوەی ساڵانی داھاتوو جووتیاران زیاتر گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن.
ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، تورکیا، ئێران، ئیمارات و سعوودیە، کە تا ئێستە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیان لە پەتاتە، ھەنار، برنج و ھەنگوین، تەحین و دۆشاوی تەماتە و بەشێکی لە بەرھەمەکانی دیکەیان بۆ ڕەوانە کراوە لەڕووی کوالێتییەوە دوای پشکنین سەرکەوتنی گەورەیان بە دەست ھێناوە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، گوتی: ھەتا ئێستە چەندین بەرھەم ھەناردە کراون، ئێمەش وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار دەبین بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە بایەخی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نراون و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراون.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە ماوەکانی ڕابردوو دۆشاوی تەماتەی ھەریر و ھەڵەبجە، تەحین و برنجی کوردی لە ئاکرێ ڕەوانەی دەرەوە کراون، لە داھاتوودا چەند بەرھەمێکی دیکە ھەناردە دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: بەرھەمەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی کوالێتی و نرخەوە گونجاون، ھەر ئەوەش وای کردووە کە لە دەرەوە خواست لەسەر بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدایە بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمەکانی لە دەرەوەی وڵات، ئەوانیش وەکو وەزارەتی بازرگانی ھاوکاریی و ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەو بازرگانانەی دەیانەوێت بەرھەمەکانیان ھەناردەی دەرەوە بکەن.