زیاتر لە 21 هەزار کەس فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونیان پرکردووەتەوە

لەکارو پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانییە، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە ئەرکەکانیشی دابین کردنی یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ هاووڵاتییانی کەم دەرامەت و کرێچیان، بەمەبەستی نەهێشتنی رێژەی هەژاری لە کوردستاندا.

ئەمرۆ چواشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی2023، مەریوان مەلا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەی ئەو خێزانانەی فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبونیان پرکردوەتەوە گەیشتوەتە 21 هەزار و 791 فۆرم، گوتیشی: پڕکردنەوەی فۆرمەکە تاوەکو رۆژی 1/12/2023 بەردەوام دەبێت، هەروەها هەر خێزانێكیش بەناردنی داواکاریەکەی لەرێی ئەژماری تایبەت بەخۆی دەسەڵاتی پیاداچونەوەی زانیاریەکانی هەیە.

لەوبارەیەوە بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێ نشینان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیەی کە حکومەت رایگەیاندووە بۆ هاووڵاتییان، لە پارێزگای سلێمانی لە “سیتەک و زرگوێز و کۆڵەوانان”ـە، نزیکەی چوارهەزار و 900 یەکەیە، کە کۆی گشتی هەموو یەکەکان لەسەرانسەری کوردستان “نۆ هەزار و چوار سەد یەکەیە” بەپێی یاسای ژمارە16 دروستکراوە، هیچ بڕە پێشەکییەک لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت، کە چووە ناو خانوو یاخود شوقەکەی ئەوکات مانگانە دابەشی 25 ساڵ دەکرێت بەپێی تێچووی یەکەکە، بڕە پارەکە دەداتەوە بە حکومەت، سیستەمەکە بەم جۆرە دەبێت.

گوتیشی، لەدوای 1/12/2023 ناوەکان جیادەکرێتەوە بەپێی شارەکان، سلێمانی، دهۆک، هەولێر، دواتر خاڵبەندی هەیە بەش بەش دەنێردرێتە لایەنی پەیوەندی دار بۆ ئەوەی ئەوانەی شتیان بەناوەوە بووە، پێیان نادرێ ئەوەی هیچی بەناوەوە نەبووە راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گرێبەستێک دەکات و یەکێک لەو یەکەی پڕۆژانەی پێدەدرێت.

رۆژی چوارشەممە (29ـی ئاداری 2023) لە راگەیەنراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان خستە کار، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە سوود مەند نەبوون لە هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون و کرێچین، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کەمدەرامەتانە لە کوردستاندا.