مەسرور بارزانی: قوتابییان بەر لە خوێندن دەبێت پەروەردە بکرێن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، “قوتابییان بەر لە خوێندن دەبێت پەروەردەبکرێن و سوپاسی ئەو مامۆستایانە دەکەم کە بەردەوامن لە وانەگوتنەوە”.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدیی لە هیوا سیتی لە شاری هەولێر کردەوە و، دواتر وتارێکی پێشکەشکرد.

دەقی گوتاری مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

مامۆستایانی بەڕێز، قوتابییانی خۆشەویست بەڕاستی زۆر زۆر خۆشحاڵم کە سەردانتان دەکەم و ئەم قوتابخانە رێکوپێکە دەبینین؛ جێگەی دەستخۆشییە و لێتان پیرۆزبێت و ئینشائەڵڵا شتی وا زۆرتربکرێت و قوتابییە خۆشەویستەکانمان لە هەموو شار و شاروچکەکانی کوردستان بتوانن خاوەنی قوتابخانەیەکی وا رێک و پێک بن.

جێگەی خۆیەتی لێرە من زۆر سوپاسی کاک ئەحمەد بکەم بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانە رێکوپێکە کە سەردانمان کردن و تەکنەلۆژیای نوێی تێدا بەکارهاتووە و بەشێوازێکی زۆر رێکوپێک پۆلەکان دروستکراون و ئەو پێداویستییانەی کە قوتابی دەیەوێت، بۆیان دابینکراون. زۆر سوپاسی مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم کە ئەوانیش بەردەوامن لە فێرکردنی قوتابییە خۆشەویستەکانمان، هیوادارم نموونەی کاک ئەحمەد و ئەم مامۆستا بەڕێزانە زیاتربێت. دەزانم قوتابخانە شوێنێکە پێویستە زۆر گونجاو بێت و کەشێکی وای تێدابێت کە قوتابی هەست بە ئارامی بکات.

قوتابخانە تەنها فێرکردنی خوێندن نییە، بەڵکوو پەروەردەکردنیش کە قوتابی دێتە قوتابخانە دەبێت فێری ئەوە بێت کە دواتر چۆن لە ژیاندا مامەڵە لەگەڵ گرفتەکانی رۆژگار بکات. یەکەم وانە لە مامۆستاکەی فێردەبێت، بۆیە ئەوەی لەسەر حکومەتە پێویستە کەشێکی گونجاو، قوتابخانەی رێکوپێک بۆ قوتابییە خۆشەویستەکان دروست بکات.

دەزانم کەموکورتیمان هەیە لە زۆر شوێن، بەڵام ئەوەی حکومەت لەسەریەتی و لە توانایدایە بەردەوام دەبێت لەوەی کە قوتابخانەی نوێ دروستبکەین یان ئەو قوتابخانەی کە هەن نۆژەنیان بکەینەوە. تاوەکو ئێستا زۆر لەو قوتابخانانە نۆژەنکراونەتەوە و هەندێک قوتابخانەی نوێ دروستکراون، بەڵام دیسان ئێمە پێویستیمان بە زۆر قوتابخانەی زیاتر هەیە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و بەردەوام دەبین. 

جگە لەوە لەبابەتی ریفۆرم لە کەرتی پەروەردە، ئەم کابینەیە کاری زۆری کردووە. لێرە جێگەی خۆیەتی من سوپاسێکی تایبەتی بەڕێز دکتۆر ئالان، وەزیری پەروەردە بکەم کە بەڕاستی وەزیری سەرکەوتوو بووە لەم کابینەیە و هەموو ئەرکەکانی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێکردووە و، بەردەوامە لەوەی کە خزمەتی کەرتی پەروەردە و قوتابیان و مامۆستایان بکات. من سوپاسی جەنابی وەزیر و هەموو ستاف و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەم کە لە وەزارەت ئەم ئەرکەیان هەڵگرتووە و بەردەوامن و بە ئەمانەت ئەرکەکەیان جێبەجێ دەکەن. 

لێرەدا من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستانە بەڕێزانە دەکەم کە بەردەوامن لە فێرکردنی قوتابییە خۆشەویستەکان. دەزانم کە دۆخی ژیانیان سەختە، ئاسان نەبووە بەتایبەتی ئەو ماوەیەی رابردوو بابەتی مووچەکان بووە بابەتێکی سەرەکی کێشە، بەتایبەتی ئەوانەی کە جگە لە مووچە، هیچ داهاتێکی تریام نییە بۆ بژێوی ژیانی خۆیان، بەڵام مامۆستاکان بە لەخۆبردوویی هاتوون و دەرس دەدەن و وانە دەڵێنەوە، من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم.

ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و، داوای مافۆ خۆیان دەکەن، من لێرە دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش لەگەڵ ئەوان دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام ڕووی رەخنەکانمان لەو لایەبێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات و بەردوامیش دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داوای مافەکانی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵکی کوردستان بکەین.

نوێدەکرێتەوە..