عەبدولحەکیم خەسرۆ:لەگەڵ عێراق لێکگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی پرسی مووچە لە پرسەکانی دیکە جیا بکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەگەڵ لایەنی عێراقی لێکگەیشتنێکی تەواو ھەیە بۆ ئەوەی پرسی مووچە لە پرسەکانی دیکە جیا بکرێتەوە. دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ھەتا پرسی وردبینی کردنی داھاتە ناوخۆییەکان و میلاکات، بۆیە ئەو کێشە کە ھەیە، لای حکوومەتی عێراقە.

دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تاوتوێی پرسەکانی نێوان ھەردوو لا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی بەغدا لێکگەیشتنی باش گەڵاڵە بووە و گۆڕان لە ھەڵوێستی بەغدا بەدی دەکرێت، یەکێک لەو کێشانەی ھەردوو لا ناکۆکییان لەسەری ھەبوو بابەتی ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بوو، دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، بەغدا نەرمی نواندووە و گەیشتووەتە تێگەیشتنێکی باشتر.
ھەردوو وەزیری دارایی ھەرێم و فیدراڵ چوونەتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمان و وردەکارییەکانیان خستووەتە ڕوو، بڕیارە لیژنەی دارایی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێک پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بکات. شارەزایان، دەڵێن: ئەو دۆخەی ئێستە کە ھەیە حکوومەتی ھەرێم لێی بەرپرس نییە، چونکە سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، پێشتر دەیانگوت نەوت، ئەو نەوتەی ھەیە ھەموو ڕادەستی بەغدا کراوە، پابەندی ڕێککەوتنەکانە، بەو شێوەیەش بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە نییە.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەگەڵ لایەنی عێراقی لێکگەیشتنێکی تەواو ھەیە بۆ ئەوەی پرسی مووچە لە پرسەکانی دیکە جیا بکرێتەوە و حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق کێشەکە بە یەکجاری چارە بکات.
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، دەشڵێ: ھەموو گفتوگۆیەکان، تەنانەت ئەوەی پەیوەستە بە تیمەکانی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ تیمە عێراقییەکان پێکەوە کار دەکەن لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە یاسای بودجە و جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە، بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی ڕەوانە بکرێن.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ھەتا پرسی وردبینی کردنی داھاتە ناوخۆییەکان و میلاکات.