پارێزگاری دهۆک دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی لە ناحیەی سەرسەنگ سەر بە دەڤەریی ئامێدی راگەیاند و گوتیشی، پرۆژەکانیش بۆ هەموو پارێزگای دهۆک بە بێ جیاوازی ئەنجام دەدرێت.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دانانی بەردی بناغەی دوو بەنداو لەگوندی سەیداڤا و قوتابخانەیەکی نوێی لە سەنتەری ناحیەی سەرسەنگ راگەیاند و گوتیشی: پرۆژەکانیش بۆ هەموو پارێزگای دهۆک بە بێ جیاوازی ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، خەمێکی زۆری لەو ناوچانە خواردووە، هەر بۆیە ئێمەی راسپاردووە، زیاترچامان لەسەر ناوچە دوورە دەستەکان بێت، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە خزمەتگوزاری کەمتری پێگەیشتووە.
گوتیشی: لەسەر ئەو بنەمایە رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژانە دراوە، دەشڵێت، ئێمە پێشتر سەردانی ناوچەی سیریە و شێلادزێمان کردووە، کە بۆ گەنجانی شێلادزێ یاریگایەک دروست دەکرێت، هەروەها کۆڕنیشی سەر رووباری ئاڤا شینیش رەزامەندی لەسەردراوە.
پارێزگاری دهۆک راشیگەیاند، ئەو پڕۆژانەی لەسەرسەنگ و ناحیەکانی دیکە رەزامەندی لەسەردراوە، بەتەنیا بۆ ناحیەیەک یان گوندێک نییە یان باژێرێک نییە، بەڵکو هەموو کەسێک دەتوانێت سوود لەو پڕۆژانە وەرگرێت، دەشڵێت: دیسان بۆ ئامێدی هەندێک پڕۆژەی تایبەت رەزامەندی لەسەر دراوە، پرۆژەکانیش بۆ هەموو پارێزگای دهۆک بە بێ جیاوازی ئەنجام دەدرێت.
عەلی تەتەر، باسی لەوەشکرد، کاتی خۆی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، سەردانی قەزای ئاکرێ و بەردەرەش و زاخۆ و ئامێدی کرد، رەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک پرۆژە باش درا، کە هەندێک لەو پڕۆژانە دەستیان پێکردووە و هیوادارین بەزووی بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیان.