لە سلێمانی چەند ڕۆژنامەنووسێک ڕەشبگیر کران سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: ئه‌م شێوازه‌ ده‌ستگیركردنانه‌ مه‌ترسیین بۆسه‌ر ئازادی ڕادە‌ربڕین

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 3 ڕۆژنامەنووسی دیار بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە و بێ هیچ دۆسییەیەکی هەستیار لەماوەی 2 ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیر کراون و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش لەو بارەیەوە هۆشداریی داوە.

دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا، کاتێک بووە ناوبراو سەردانی دادگای سلێمانی دەکات، بەڵام دادوەر بێ هیچ پاساوێک بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەردەکات. هاوکات ڕۆژنامەنووس عیماد بیلال بێ بوونی هیچ دۆسییەیەک دەستگیر کراوە و پێشتریش ئازاد بایز ڕایگەیاندبوو: لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی یەکێتییەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بۆ یەک کاتژمێر و نیو لە ئاسایشی رۆژئاوای چەمچەماڵ هێشتوویانەتەوە و دواتر رەوانەی دژەتیرۆری سلێمانی کراوە.
بەپێی وتەی کەسوکاری یەکێک لە گیراوەکان، مەترسی ئازاردان و بێ سەروشوێن کردن لەسەر ئەو گیراوانە هەیە و ڕاشیدەگەیەنن؛ سەلامەتی ژیانیان لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەبارەی ئەو هەڵمەتەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند:له‌ماوه‌ی رابردوودا سێ رۆژنامه‌نووس به‌ناوه‌كانی (جه‌مال عه‌بدوڵڵا، عیماد بیلال و ئازاد بایز) له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیركراون، ئه‌م شێوازه‌ی ده‌ستگیركردنانه‌، مه‌ترسیین بۆسه‌ر ئازادی راده‌ربڕین.
لە ڕاگەیەندراوەکەیاند ئەوەش هاتووە؛به‌پێی یاسای ژماره‌ 35ـی رۆژنامه‌گه‌ری ساڵی 2007ـی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووس رێگه‌پێنه‌دراوه‌ و ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس دۆسییه‌یه‌كی هه‌بێت، ده‌بێت سه‌ندیكای لێ ئاگاداربكاته‌وه‌.