لە چوار ساڵدا ٢٢٠٢ پڕۆژه‌ی كاره‌با جێبه‌جێ كراون‌

چواس خالید – هەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ فراوانكردنی تۆڕه‌كان و بونیادنانی وێستگه‌ی نوێی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، ڕژدانه‌ كارده‌كات كاته‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی بگه‌یه‌نێته‌ ٢٤سەعات و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌تێچووی زیاتر له‌ سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك ملیار دینار، دوو هه‌زار و دوو سه‌د و دوو پڕۆژه‌ی كاره‌بای له‌ ماوه‌ی چوارساڵی ڕابردوو جێبه‌جێ كردووه‌، هاوكات زیادتر له‌ په‌نجا و یه‌ك هه‌زار سه‌رپێچی سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌بای سزا داوه‌.

به‌ پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ١٥ وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، چوار هه‌زار و دوو سه‌د و په‌نجا مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ ژێرخانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بۆ حه‌وت هه‌زار و چوار سه‌د مێگاوات به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا سێ وێستگه‌ی كاره‌با زیادكراوه‌.
له‌ ماوه‌ی چوارساڵی ڕابردوودا، وێستگه‌ی گازتۆڕباینی بازیان به‌ توانای پێنج سەد مێگاوات و وێستگه‌ی بیست و نۆ مێگاواتی هه‌ولێر و سلێمانی و دووكان، له‌گه‌ڵ وێستگه‌ی سێ سەد مێگاواتی هه‌ڵمیی خه‌بات.
هاوكات وێستگه‌ی هایدرۆپاوه‌ری دیره‌لوك به‌ توانای سی و حەوت مێگاوات و بۆ یه‌كه‌مین جاریش له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، وێستگوی سەد وپەنجا و شەش مێگاواتی له‌ گه‌رمیان به‌ سود وه‌رگرتن له‌ گازی به‌فیڕۆچووی كێڵگه‌كانی نه‌وت به‌گه‌ڕ خراوه‌.
جیا له‌وانه‌ په‌ره‌پێدان و ڕۆنان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كه‌رتی كاره‌با به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆكان، چه‌ندان پڕۆژه‌ی دی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ قۆناغی جێبجێ كردندان وه‌ك دامه‌زراندنی وێستگه‌ی سەد مێگاوات كاره‌با له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، سەد مێگاوات له‌ زاخۆ وپەنجا مێگاوات له‌ ڕاپه‌ڕین و دامه‌زراندنی وێستگه‌یه‌كی پەنجا مێگاواتی له‌ گه‌رمیان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی وێستگه‌یه‌ك دوو سەد و پەنجا مێگاواتی له‌ بازیان و پێنج سەد مێگاواتی له‌ خوڕمه‌ڵه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له‌ بواری وزه‌ی خاوێن سێ گرێبه‌ست واژۆكراوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، هه‌ر دانه‌یه‌كیان بیست و پێنج مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر واژۆكردنی دوو گرێبه‌ستی دیكه‌ له‌ مه‌ڕ بنیاتنانی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ توانای دوو سەد و پەنجا مێگاوات داوه‌.
هه‌ر له‌ماوه‌ی چوارساڵی ڕابردوودا و بۆ زیادتر پێدانی كاته‌كانی كاره‌با به‌ هاووڵاتیان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سێكته‌ری دابه‌شكردنی كاره‌با، دوو هه‌زار و دوو سه‌د و یه‌ك پڕۆژه‌ی به‌ تێچووی سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك ملیار و سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن و سێ سه‌د و چل و حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د و چل و هه‌شت دینار، له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ كردووه‌.
كه‌ ٥٤٦ پڕۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ هه‌شتا و سێ ملیار دینار له‌ هه‌ولێر و سۆران جێبه‌جێكراوه‌ و ١١٤٥ پڕۆژه‌ش به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ شه‌ست و هه‌شت ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار له‌ سلێمانی و ڕاپه‌ڕین و به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ چوارده‌ ملیارد و هه‌شت سه‌د و چل ملیۆن دینار، ٣٢٦ پڕۆژه‌ له‌ دهۆك و زاخۆ جێبه‌جێكراوه‌، ١٤٣ پڕۆژه‌ش به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ دوو ملیار و هه‌شتا و سێ ملیۆن دینار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ زیادتر له‌ دوو ملیار و پێنج سه‌د و نه‌وه‌ت و دوو ملیۆن دیناریش، ٤١ پڕۆژه‌ له‌ گه‌رمیان جێبه‌جێ كراون.
هه‌ر له‌ سێكته‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بادا و به‌هۆی پێوه‌ری زیره‌كه‌وه‌، ڕێژه‌ی سوتانی گۆڕه‌ڕه‌كانی كاره‌با كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك، له‌ ساڵی ٢٠١٩ له‌ كۆی ٤٩٠٦١ گۆڕه‌ڕ، ١٤٨٧ دانه‌یان سوتاون، كه‌چی له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له‌ كۆی ٥٧٤٤١ گۆڕه‌ڕ، ته‌نیا ٨٣٧یان سوتاون.
له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رپێچیكردنه‌ سه‌ر كاره‌بای نیشتمانی زۆره‌ و به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا په‌نجا و یه‌ك هه‌زار و سی و چوار هاوبه‌ش سه‌رپێچی كردووه‌ته‌ سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی و له‌ به‌رانبه‌ردا وه‌زاره‌تی كاره‌با سه‌رجه‌میانی به‌ بڕی یازده‌ ملیار و دوو سه‌د و نه‌وه‌ت و یه‌ك ملیۆن و هه‌شت سه‌د و حه‌فتا و حه‌وت هه‌زار دینار سزا داون.
هه‌ر له‌ چوارچێوەی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێدانی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری، له‌ ڕابردوودا به‌ گوژمه‌ی دوو سه‌د و چل و نۆ ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، پێوه‌ری زیره‌كی بۆ ملیۆنێك و سێ سه‌د و چل و پێنج هه‌زار و هه‌شتا و نۆ هاووبه‌شی كاره‌با به‌ بێبه‌رانبه‌ر به‌ست، به‌و پێیه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و هه‌شت سه‌د و نۆ هه‌زار و دوو سه‌د و هه‌شتا هاووبه‌شی كاره‌به‌ هه‌ن، ئێستا ٧٤%ی كۆی هاوبه‌شانی كاره‌با پێوه‌ری زیره‌كیان بۆ به‌ستراوه‌.
به‌هۆی نه‌بوونی ژێرخانێكی پته‌وی سێكته‌ری كاره‌با و زیادتر بوونی هاووبه‌شانی كاره‌با به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو و به‌فیڕۆدانی كاره‌با له‌ لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هێشتا نه‌توانراوه‌ كاره‌بای ٢٤ كاتی به‌رهه‌مبهێندرێت، كه‌ به‌پێی كاره‌كانی حكوومه‌ت بێت ڕه‌نگبێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و ئامانجه‌ بێته‌ دی، وه‌ك ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌ریده‌خات، كاتی پێدانی كاره‌با له‌ ساڵی ٢٠١٨ دا ١٤ كات بووه‌ و له‌ ٢٠١٩دا ١٦ و نیو، له‌ ٢٠٢٠یش ١٧ كات، پێراریش ١٧ كاره‌با دراوه‌ و پار ١٥ كات بووه‌ و له‌ حه‌وت مانگی ڕابردووشدا به‌ تێكڕایی كاته‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی ١٦ كات و نیو بووه‌.