نێچیرڤان بارزانی: پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور بگەینە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدا بێت

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی 14ـی زانكۆی سۆران ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 22ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رایگه‌یاند، ناوچه‌ی سۆران مه‌ڵبه‌ندی خه‌باتی تێكۆشانی چه‌ندین نه‌وه‌ی كوردستانه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: ئه‌مڕۆ كه‌ هه‌موومان لێره‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ شادی ده‌رچوونی 1366 گه‌نجی لێهاتوو بكه‌ین.

ده‌شڵێت: به‌ گه‌رمی ده‌ستخۆشی له‌ ئێوه‌ی قوتابی و دایك و باوك و كه‌سوكار و تیمی زانكۆی سۆران ده‌كه‌م.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند، ساڵی 2009 كاتێ بڕیاری دامه‌زراندنی زانكۆی سۆرانماندا، هیوامان وابوو ئێواره‌یه‌كی وه‌ك ئه‌مڕۆ ببینین، كه‌ سه‌دان كچ و كوڕی ئه‌م وڵاته‌ له‌ چه‌ندین به‌ش و پسپۆری جیاوازدا خوێندنی زانكۆ ته‌واوبكه‌ن و قۆناغێكی دیكه‌ی ژیان ده‌ستپێده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بڕیاری دامه‌زراندنی زانكۆ له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران، به‌شێك بوو له‌ به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵێك خزمه‌تی دیكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌.

باسی له‌وه‌شكرد،  دوای بوونی سۆران به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر له‌ بواره‌كانی ئاو، كاره‌با و خزمه‌تگوزاری دیكه‌ی جۆراو جۆر ئه‌نجامدرا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای 14 ساڵ له‌ دامه‌زراندنی زانكۆ، زانكۆی سۆران یه‌كه‌می سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌مه‌ مایه‌ی شانازی هه‌موومانه‌.

جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ داهاتووی وڵات له‌ ده‌ست و ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌رك و كارو به‌رپرسیارێتیان گه‌وره‌یه‌، دڵنیایین له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی دا ده‌بن.

هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ پێویسته‌ گه‌نجانی كوردستان به‌ ئومێده‌وه‌ كاربكه‌ن و كۆڵ نه‌ده‌ن، رێگه‌ مه‌ده‌ن كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان نائومێدتان بكه‌ن و رێگه‌ مه‌ده‌ن بیری توندڕه‌وی و نامۆ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان جێگای ببێته‌وه‌.

دڵنیاییشیدا، كه‌ قه‌یرانه‌كان تێده‌په‌ڕن، به‌هه‌وڵ و ماندووبوونی ئێوه‌ دۆخه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێنین.

سوپاسی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد، كه‌ تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌، ره‌چاوی قه‌یران و دۆخی سه‌ختی دارایی ده‌كه‌ن، خۆڕاگرانه‌ به‌رگه‌یان گرتووه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وامن، له‌مباره‌یه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق  له‌ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رده‌وامن.

سه‌رۆكی هه‌رێم سوپاسی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی كرد، كه هه‌موو نیازێكی‌ لێكتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشانداوه‌.

هیواشیخواست، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستوور و سیسته‌می فیدراڵی بگه‌ین به‌ چاره‌سه‌رێك، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی عێراقدابێت.

دواشی له‌ مامۆستایان و كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كرد، كه‌ چیتر ده‌رگای قوتابخانه‌ و زانكۆ و په‌یمانگه‌كان داخراو نه‌بن.

ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی كه‌شوهه‌وا و مه‌ترسی هێرشه‌كانی سایبه‌ری و زیادبوونی كێشه‌ی سیاسی و په‌تای نوێ و گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كرد و هه‌موو پشتگیرییه‌كانی بۆ ته‌واوی زانكۆكانی كوردستانیش دووپاتكرده‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گوتی: پێویسته‌ هه‌موو شتێك بكه‌ین، تاكو سه‌قامگیری عێراق و هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت و ده‌بێت هۆشیاربین و رێگه‌ نه‌ده‌ین وڵاته‌كه‌مان ببێته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ و ئاشووبه‌كانی ناوچه‌كه‌، كه‌ هیچ سوودی بۆ هه‌رێم و عێراق نابێت، ده‌بێت تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌بێت