لە 30% حاڵەتی پەلاماردان و گەستنى سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان، بەهۆى پڕۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوەیان بۆ شلتەرى هەولێر کەمیکردووە

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.10.22، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لەناو شار و دەرەوەی شار و کەمکردنەوە و نەهێڵانییان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و گواستنەوەیان بۆ شلتەرى هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە قائیمقامى ناوەند، بەرێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزار، سەرۆکى شارەوانى، بەرێوەبەرى ژینگەپارێزى، بەڕێوەبەرى ڤێرتەرنەری و خۆپارێزى تەندروستى، بەڕێوەبەر قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوون، گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لەلایەن تیمەکانى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزییەوە کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر دەستخۆشى لە تیمەکانى فەرمانگەى ناوبراوکرد، کە لەو ماوەیەى دەستیانکردووە بە پڕۆسەى گرتن و گواستنەوەى سەگى بێلانە، بەپێى ئامارە تەندروستییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە 30% کەمیکردووە.

پارێزگارى هەولێر، وێڕاى جەختکردنەوە لە چڕترکردنەوەى پڕۆسەکە و کۆکردنەوەی زیاترى سەگى بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شلتەر و نەهێڵانیان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کە دیاردەیەکى ناتەندروست و ناشارستانییان دروستکردووە و بۆتە هۆى مەترسى بۆ سەر گیانى هاوڵاتییان و هاراسانکردنیان، هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى پارێزگاى بۆ تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزیی هەولێر دووپاتکردەوە و بە فەرمى ئیدارەدانى گشتیى شێڵتەرى هەولێرى بۆ دڵدەدانى سەگى بێلانە بە بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو سپارد و ئەرکى چارەسەرە پزیشکییەکان و لایەنى هونەرى شلتەرەکەشى بە بەڕێوەبەرایەتى ڤێرتەرنەری هەولێرسپارد.

جێگەى باسە، بوونى سەگى بێلانە لەشوێنى نیشتەجێبوونى هاوڵاتییان جگە لەوەى لەڕووى تەندروستیەوە هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان، دیاردەیەکى ناشارستانیە و بڵاو بوونەوەى ئەو ئاژەڵە بێلانانە دەبێتە هۆى مەترسى بۆ سەرگیانى هاوڵاتییان بەتایبەتى منداڵان، لە ئێستاشدا هەڵمەتى کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لەسنوورى پارێزگاى هەولێر دەستى پێکردووە و تائێستا توانراوە زیاتر لە 1000 سەگى بێلانە کۆبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شلتەرى هەولێر، لەو ژمارەیەشدا زۆربەی ئەوسەگانە بۆ چارەسەر و ڕێگریکردن لە کێشەی زۆرربوونیان لەلایەن پزیشکى ڤێرتەرنەری شارەزاوە لە رێگەی نەشتەرگەریی پزیشکییەوە ڤاکسین و خەساندنیان بۆ کراوە، کە ئەم ڕێکارەش لە زۆربەى وڵاتانى جیهان لەوانە بەریتانیا، هیندستان، ئەمەریکا و بەشێکى ترى وڵاتانى پێشکەوتوو گیراوەتەبەر و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پاڵپشتیی لێدەکات و سەرکەوتوو بووە.