پەکەکە لە سنووری کەمپی مەخموور چەند خاڵی سەربازی رادەستی هێزە عێراقییەکان کردووە؟

چۆڵکردنی خاڵە سەربازییەکانی سنووری کەمپی مەخموور و چیای قەرەچووغ لەلایەن پەکەکەوە و رادەستکردنەوەیان بە سوپای عێراق، دەرفەتی بە هێزە عێراقییەکان داوە، خاڵی سەربازی دیکە بەرانبەر بە هێزەکانی پێشمەرگە دروست بکەن. 

چەکدارانی پەکەکە چەند ئەشکەوتێک و حەوت خاڵی سەربازییان لە دەوروبەری کەمپی مەخموور رادەستی هێزەکانی عێراق کردووە، گوتیشی: رادەستکردنی ئەو خاڵە سەربازییانە، بواری بە هێزە عێراقییەکان داوە خاڵە سەربازییەکانیان لە سنووری چیای قەرەچووغ بەرانبەر بە پێشمەرگە زیاد بکەن.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم بابەتە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی نەبووە و چەند مانگ پێش ئێستا ئامادەکاری بۆ کراوە و ئێستاش سوپای عێراق دەیەوێت چەن شوێنێکی دیکەش کۆنترۆڵ بکات.

سەبارەت بە گرنگی ئەو شوێنانەی لە سنووری مەخموور رادەستی هێزە عێراقییەکان کراوە، سەرچاوەکە باسی لەوەکرد، ئەو ناوچەیەی رادەستی هێزە عێراقییەکان کراوە، دەبوو بە لیوای هاوبەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پڕبکرێتەوە، بەڵام ئێستا بە تەواوی لە دەستی هێزە عێراقییەکانە و ئەمەش لە داهاتوودا کێشە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروست دەکات.

راشیگەیاند، پەکەکە ئامادە نییە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بکات و ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکات، خزمەت بە نەیارانی هەرێمی کوردستان دەکات.

چەکدارانی پەکەکە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر مەخموور لە 2014، بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە، هاتنە سنووری مەخموور.

کەمپی مەخموور کە لەلایەن پەکەکە بە “کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی” دەناسێنرێت، نزیکەی 20 هەزار کەس لێی نیشتەجێن کە لایەنگر و کەسوکاری گەریلاکانی پەکەکەن. پێشتر چەندین جار ئەو کەمپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.

رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، پەکەکە چەکدارەکانی خۆی لە خاڵە سەربازییەکانی چیای قەرەچووغ و دەوروبەری کەمپی مەخموور کشاندەوە و سوپای عێراقیش جێگەی گرتنەوە.

ئەو هێزەی کە چووەتە شوێنی چەکدارانی پەکەکە فیرقەی 14ـی سوپای عێراقن و ئاڵای عێراقیان لەو ناوچەیە هەڵکردووە.

چۆڵکردنی بارەگاکانی پەکەکە و رادەستکردنەوەیان بە سوپای عێراق دوای ئەوە دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە حکومەتی عێراقی راگەیاندبوو، بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە هاوکارییەکانیان نانێرن بۆ خەڵکی کەمپی مەخموور.

هاوکات بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پەکەکەش، ئەو چەکدارانەی کە دەوروبەری کەمپی مەخمووریان چۆڵ کرد گواستراونەتەوە بۆ چیای قەندیل.