سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەبارەی بەستنی سرکێتی ئۆتۆماتیکی ڕوونکردنەوە دەدات

خۆران خۆرانی سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەبارەی بەستنی سرکێتی ئۆتۆماتیکی ڕایگەیاند: بەستنی سرکێتی ئۆتۆماتیکی ئارەزوومەندانەیە، هیچ کەس ناچار بە بەستنی ئەو جۆرە سرکێتە ناکرێت.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەگوترێت ئەو سرکێتە ئۆتۆماتیکییە ئەمپێری کەمتر ڕادەکێشێت، خۆران خۆرانی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردنەوە و گوتی: ڕاست نین.

خۆران خۆرانی لەبارەی وەرگرتنی بڕەپارەیەک لەلایەن خاوەن مۆلیدەکان بەمەبەستی بەستنی سرکێتەکە جەختی کردەوە کە وەرگرتنی پارە بۆ بەستنی سرکێت نایاساییە و هەر خاوەن مۆلیدەیەک بەناچاری بۆ بەستنی سرکێت پارە لە خەڵک وەرگرێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر هەر لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەش دا کە هەر خاوەن مۆلیدەیەک بۆ بەستنی سرکێت ناچار بە پارەدانتان بکات، دەتوانن پەیوەندیی بە ژمارەکانی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان بکەن کە لەسەر پسوولەکاندا هەیە.