ڤیان دەخیل: حکومەتی عێراق توانای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی نێو شنگالی نییە

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی رەخنە لە حکومەتی فیدراڵی دەگرێت و پێیوایە هەوڵی جیددی نەداوە بۆ رزگارکردنی ئەو کچ و ژنانی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون. دەشڵێت، “حکومەتی عێراق توانای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی نێو شنگالی نییە”.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “سیاسەتی عێراق تاوەکو ئێستا هاوکارنەبووە بۆ ئەوەی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت؛ کێشەمان لەگەڵ ئەو هێزانە هەیە کە لەناو شنگالدان. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە، دەرکردنی هێزە بیانییەکانە لەوشارە، بەڵام وادیارە حکومەتی عێراق توانای ئەوەی نییە هێزە بیانییەکانی ناو شنگال بکاتە دەرەوە، بە هێزەکانی ناوخۆ و ئەوانەی لە دەرەوەش پشتیوانییان لێ دەکرێت لەنێویشیاندا پەکەکە”.

ڤیان دەخیل دەڵێت: “هەرچەندە حکومەتی عێراق هەندێک خاڵی رێککەوتنی شنگالی جێبەجێکردووە، بەڵام ئەوانە خاڵی گرنگ نەبوون. تا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، پێویستە کار لەسەر جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکان بکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە شارەکە و مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت”.

بە گوتەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، “تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کچ و ژن و منداڵی ئێزدی لەژێر دەستی داعشن و چارەنووسیان نادیارە. گلەیی و رەخنەی ئێمە لە حکومەتی عێراق ئەوەیە کە جیددی نەبووە لە بەدواداچوون لەسەر ئەم دۆسیەیە؛ واتا لەرێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکانی بەدواداچوونی جیددی بۆ ئەم بابەتە نەکردووە”.