هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەرێمى بادن ڤۆرتمبێرگی ئەڵمانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات

سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازیی لە شاندێکى هەرێمى بادن ڤۆرتمبێرگى ئەڵمانى کرد بە سەرۆکایەتیی بەڕێز فلۆریان هاسلەر، وەزیرى دەوڵەت لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى بادن ڤۆرتمبێرگ بۆ هەماهەنگیی سیاسی و کاروبارى ئەورووپا و بە یاوەرىی کلاوس شتڕایشەر، کونسوڵى گشتیى ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان.

بەرپرسى فەرمانگە بە ناوى خۆی و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخێرهاتنى شاندى میوانى کرد و ڕایگەیاند هیواخوازە لە ماوەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان دیدار و کۆبوونەوەى سەرکەوتوو بکەن.

فلۆریان هاسلەر، خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى بە سەردانى هەرێمى کوردستان و سوپاسی حکومەتى هەرێمی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و هاوکات ئاماژەى بەوە دا “وەک شاندى هەرێمى بادن ڤۆرتمبێرگى ئەڵمانیا بە گرنگییەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان” و ویستی هەرێمەکەیانی خستە ڕوو کە دەخوازن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان فراوانتر بکەن، بە تایبەت لە بوارى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى.

دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەى بەوە دا کە حکومەتى ئەڵمانیا بەردەوام هاوکارى هەرێمى کوردستان بووە بە تایبەت لە شەڕى دژ بە تیرۆریستان، بۆیە وەک حکومەتى هەرێم سوپاسگوزارى حکومەتى ئەڵمانیاین و هیوادارین ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەوپێش بچن لە چەندین بوارى دیکە، بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییی هەرێمێکى پێشکەوتووى وەک هەرێمى بادن ڤۆرتمبێرگ.

هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد لەسەر چۆنییەتىی بەرەوپێشبردنى پەیوەندیى دوولایەنە لە نێوان هەردوو هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا.