وتەبێژی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بڕی 700 ملیار دیناری دیکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و لەگەڵ گەیشتنی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، لە کەشێکی ئەرێنی بە راشکاوی ئەو بابەتانەی تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان و پێشتر داتا و زانیاری ناڕاست لەبارەی مووچەخۆران، داهات و خەرجییەکان خرابووەڕوو لە کۆبوونەوەی دوێنێ، لە راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی بە وردەکارییەوە خرایەڕوو.
گوتیشی: “وەزیری دارایی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی تێگەیشتنی باشیان هەبوو بۆ ئەو داتایانەی شاندی ئێمە خستیەڕوو، پێشتریش لەلایەن لیژنەی هاوبەشی چاودێری هەولێر و بەغدا زانیاریییەکان پشتڕاست کراونەتەوە، بۆ ئەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی دیکە جیا بکرێتەوە، لانی کەم بۆ ساڵی داهاتوو کە بڕیارە چەند ماددەیەک لە یاسای بودجەی گشتی هەموار بکرێنەوە ئەو بڕگانەش هەموار بکرێنەوە کە تایبەتن بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی مووچە بەدەر بیێت لە هەموو کێشەکانی دیکە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆی مووچە وەربگرن”.
سەبارەت بە هاتنی پارە لە بەغدا و دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی: “هەفتەیەک لەمەوبەر نووسراومان بۆ هاتنی 700 ملیار دینارەکە کردووەو تیمی ئێمەش لە بەغدا سەرقاڵی رێکارەکانن، ئەو 700 ملیار دینارە هیچ رێگریی و کێشەیەکی یاسایی نییە، چونکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدراوە و تەنیا چەند رێکارێکی رۆتینی هەیە، پێم وایە هەفتەی داهاتوو پارەکە دەهگات، لەبەر ئەوەی لەلایەن سێ بانکەوە پارەکە دەدرێت رەنگە چەند رۆژێکی پێبچێت، لەگەڵ گەیشتی پارەکە ئامادەکارییمان کردووە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین”.
جەختیکردەوە: “لێکتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، لە سەردانی مانگی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، گفتوگۆ لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ناو ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرا، لەلای ئەوانیش لێکتێگەیشتن و هاوسۆزییەک باش دروستبوو کە پرسی مووچە لە پرسەکانی دیکە جیا بکرێتەوە، پێویست بوو لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لێکتێگەیشتن هەبێت، چونکە یاساکان لای ئەوان دادەڕێژرێنەوە، بەگشتی لەسەر چەند ئاستێک ئیشمان کردووە، هەنگاوی داهاتووشمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژەیەکی هاوبەش ئامادە بکەین، لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی پێویستە هەموار بکرێنەوە، دوای رێککەوتن پڕۆژەکە بچێتە لیژنەی دارایی و لای ئەوان پەسند بکرێت، بۆ جێگیر بکرێت بۆ کاتی دەنگدان لەسەر هەموار کردنەوە”.
هونەر جەمال، ئەوەشی خستەڕوو: “ئێستا لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە، سەبارەت بەو مانگە و مانگی داهاتووش بەرچاومان روونە کە 700 ملیار دینارەکە دەگات و مووچە دابەش دەکەین، ئەو لێکتێگەیشتنەی کە هەیە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق بنەمایەکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیرییەکی دارایی بێتە ئاراوە، تا ئەوکاتەی پرۆسەی هەموارکردنەوەی بڕگەکانی یاسای بودجە دەستپێدەکات و بوجەی گشتی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنێردرێت”