لە ٩ مانگی ڕابردوودا ١٧١١ ڕووداوی جۆراوجۆری ئاگر کەوتنەوە هەبووە

بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاماری ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ٩ مانگی ڕابردووی هەولێری بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لە نۆ مانگی ڕابردوودا ١٧١١ ڕووداوی جۆراوجۆر لە هەولێر تۆمارکراون، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٢٩٨ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو ماڵەکان بووە، هەروەها لەو ماوەیەدا ٢٦٦ ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاگریان گرتووە، کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەو ئامارە زیادی کردووە.

دوێنێ، موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری نۆ مانگی ڕابردووی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و ئامادەکاریی و چالاکییەکانیان بۆ مانگەکانی داهاتوو ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: لە نۆ مانگی ڕابردوودا هەزار و حەوت سەد و یازدە ڕووداوی جۆراوجۆر لە هەولێر تۆمارکراون، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٢٩٨ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو ماڵەکان بووە، هەروەها لەو ماوەیەدا ٢٦٦ ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاگریان گرتووە، کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەو ئامارە زیادی کردووە.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕاشیگەیاند: لە نۆ مانگی ڕابردوودا ٣٧ موەلیدە ئاگریان گرتووە، هەروەها ئاگر لە ٩١ مارکێت، دوکان و پێشانگە کەوتووەتەوە و ١٤ کارگەش ئاگریان گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ٤٥ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هێڵەکانی کارەبا تۆمار کراوە، هەر لەو ماوەیەدا ٣٢ جووتیار بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خەرمان و پاش خەرمان زیانیان بەرکەوتووە.
باسی لەوەشکرد، لەو ماوەیەدا ٢٣ کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر ئاگریان گرتووە، هەروەها ٢٩ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە کەمپی ئاوارەکان تۆمارکراوە، هەر لەو ماوەیەدا ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی بۆنەکان ڕوویداوە.
موقەدەم کاروان ئاشکرای کرد، زیانە ماددییەکانی ڕووداوەکانی نۆ مانگی ڕابردووی هەولێر بە یەک ملیار و پێنج سەد و شەست و هەشت ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار خەمڵێنراوە، هەروەها ١٥ کەس بەهۆی ئەو ڕووداوانە گیانیان لەدەستداوە و ٨٤ کەسی دیکەش برینداربوونە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ ٢٥ ڕووداوی خنکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر تۆمار کراوە و ٦٨ هاووڵاتیش لە خنکان ڕزگار کراون.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو، لە نۆ مانگدا ٢٩ ئۆتۆمبێل بەهۆی فیول پەمپ ئاگریان گرتووە.
باسی لە هەوڵەکانیان کرد بۆ ڕێگری گرتن لە هەڵسانی لافاو و ڕایگەیاند: دامەزراوە پەیوەندیدارەکان زۆر بە چڕی کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بۆ ئەوەی زیانەکانی لافاو کەم بکرێنەوە و ئەوەی لە ڕابردوو ڕوویدا جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.