نەرمین مەعروف: کۆدەنگییەک لەناو لیژنەی دارایی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق هەیە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، زانیارییەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق قبووڵکراو بوو، هاوکات گوتیشی: لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆکبووین لەسەر ئەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە هاوکێشە سیاسییەکان نەکرێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24؛ رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق، راپۆرتێکی وردەکاری و زانیاری زۆر گرنگیان پێشکەش بە لیژنەی دارایی کرد، ئەو راپۆرتەی کە پێشکەشیان کرد لەلایەن لیژنەی دارایی فیدراڵی جێگەی بایەخ بوو، هاوکات قبوڵکرا.
راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی فیدراڵی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی لیژنەی داراییان داوە، زانیاری زۆر باشیان خستەڕوو، لە دەرئەنجامی وەڵامی ئەم پرسیارانە بەرچاوڕوونییەک و تێگەیشتنێکی زۆر باش دروستبوو لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت: بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراقمان راگەیاند کە پێویستە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێتن و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
نەرمین مەعروف، باسی لەوەشکرد، داوامان کرد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی گرنگە کۆدەنگییەک هەیە لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەوەی پێویستە یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، واتە پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بکرێت لەو بڕگەیەی کە تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لەوەی کە هەڵەیەک هەیە یان بەربەستێک هەیە لەناوی یاسا یودجەدا کە تایبەتە بە دەستەواژەی خەرجی راستەقینە، هەر ئەمەش وایکردووە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان پێنەدرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق؛ روونیکردەوە، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆکبووین لەسەر ئەوەی بابەتی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی پەلەی لێبکرێت کە پێویستە پێش کۆتایی ساڵی 2023 بتوانرێت ئەو هەموارە بێتە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.
نەرمین مەعروف، باسی لە ناردنی دوو گووژمەی 700 ملیار دیناری کرد، کە بەغدا بەنیازە بۆ مووچەی ئەو دوو مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بینێرێت و گوتی: هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی نییە لەبەردەم ناردنی ئەو دوو گووژمەیەی کە بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان بە قەرز بنێردرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا تەمویلکردنی پارەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ناردنی 700 ملیار دیناری دیکە، بۆ مانگی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە، هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد، هاوکات تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش.
ناوبراو راشیگەیاند، ئەو زانیاری و داتایانەی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشمان کرد لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێڕاق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق جێگەی باوەڕبوو.
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هەردوولامان هاوڕا و هاوهەڵوێست بووین لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
دوێنێ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدایان کرد.