ئاوات شێخ جه‌ناب: تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌یه‌

له‌میانه‌ی كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی ئیتیحادی دانیشتین و تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ له‌ نێو ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان، هه‌بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق  و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە، هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێششەکش کرد، هاوکات تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کیشە سیاسییەکانیش.

ناوبراو راشیگەیاند، ئەو زانیاری و داتایانەی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشمان کرد جێگەی باوەڕبوو لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێڕاق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق.

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکانمان توانیمان هۆکارەکانی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە راستگۆیی و بە شەفافی باس بکەین.

ئاوات شێخ جەناب، گوتی: لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کاردانەوەیەکی دۆستانەیان هەبوو لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوانمان، هەروەها نییەتی جددییان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

گوتیشی: هەردوولامان هاوڕا و هاوهەڵوێست بووین لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی.

دوێنێ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدایان کرد.

لەلایەن خۆیەوە لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستانی24ـی گوت: “شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لەلایەن لیژنەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر بابەتی بڕگەکانی 12 و13 لە یاسایی بودجە، ئەوەی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەو نەوتەی کە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، هەروەها میلاکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدەنی، سەربازی، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ مووچەکانیان پێویستە، هەموو ئەوانە لیژنەی دارایی بە نووسراوێک ئاراستەی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە”.