نوێنەرێکی وانەبێژان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە چەند پەروەردەیەکی سنووری پارێزگای دهۆک مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان دابەشدەکرێت و بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پارێزگای سلێمانیش دەست بە دابەشکردنی بکرێت. بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش دەڵێت، 60%ی مامۆستایانیان وانەبێژ و 40%یان میلاکن، بۆیە داوایان کردووە مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان دابەش بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “بڕیارە ئەمڕۆ لەو پەروەردانەی کە گرفتی بانکییان نییە، وەکو بەردەڕەش، ئاکرێ، پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دهۆک و زاخۆ مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان دابەشبکرێت.”
هەروەها ئەوەشی راگەیاند: داوامان لە حکومەت کردبوو مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان دابەش بکەن، چونکە 1961 وانەبێژ لە سنووری پەروەردەکەمان هەن. 60%ی مامۆستایانمان وانەبێژ و 40%یان میلاکن، بۆیە مووچە دابینکراوە و ئەمڕۆ دابەش دەکرێت. دەوامیش ئاساییە و قوتابخانەکان کراوەن.”
لە پەروەردەکانی چۆمان و رواندز، مووچەی مانگی ئاب دابەشکراوە. لەبارەی پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، “قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان و بانکی هەرێم لە سلێمانی کردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی دابەش بکرێت، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم لە هەولێریش ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم دوو رۆژە دەردەکەوێت کەی دەست بە دابەشکردنی دەکەن.”
مامۆستایانی وانەبێژ داوایان کردبوو مووچەی مانگی تەممووز و ئاب پێکەوە دابەشبکرێت. کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، “وەزیری پەروەردەش بڕیاری لەوبارەوە دەرکردبوو، بەڵام لە بانکەکان پارەی پێویست نەبوو، هەرچەندە زۆرترینی مووچەی وانەبێژان لەو دوو مانگە 200 هەزار و کەمترینی 100 هەزار دینارە.”
13ی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.
لەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدا راگەیێندراوە 13 پەروەردە هەن؛ داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ کە مووچەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە.