بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک و مووسڵ، دەڵێن: ئامادەکارییەکی باشمان بۆ ھەڵبژاردن کردووە و ئەمجارە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەنگێکی زۆر و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دێنین. مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: پارتی بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو خەڵکی مووسڵ دەکات، ھەر ئەوەش وای کردووە کە پارتی لیستی یەکەم بێت لەو شارە و زۆرترین دەنگ بە دەست بێنێت.
بڕیارە ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن و سێ سەد و شەست و ھەشت ھەزار کەس دەتوانن لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن، چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی ھەشت ھەزار بنکە و چل و ھەشت ھەزار وێستگەی دەنگدان بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێنەوە.
پارتی بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی دیکەی پێک نەھێناوە، چونکە دەیەوێت دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن بزانێت.
لە سنووری ماددەی ١٤٠ پارتی دەیان کاندیدی ھەیە بۆ ھەڵبژاردن و لەکاتی دیاریکراودا کەمپینەکان دەست پێدەکەن بۆ ناساندنی لیست و کاندیدانی پارتی کە پێکھاتەی جیاوازی تێدایە. بەرپرسانی پارتی، دەڵێن: لەگەڵ ھەنگاوەکانی کۆمیسیۆن پارتی ئامادەکاریی بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، ئەمجارە بەرەوپێشچوون لە دەنگەکانی پارتیدا دەبێت، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، پارتی لە کەرکووک خۆی کردووەتە خاوەن کێشە نەتەوایەتییەکان و خەڵکیش پشتگیری لە پارتی دەکات.
ئەوەی تایبەت بێت بە پارێزگای مووسڵ، پارتی پەنجا و دوو کاندیدی ھەیە و کاندیدەکانیش لە ھەموو پێکھاتەکانن، پارتی چاوی لەوەیە لەو پارێزگایە ببێتە لیستی یەکەم و زۆرترین کورسی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەدەست بێنێت، بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بەرپرسانی پارتی و کاندیدەکان سەردانی قەزا و ناحیەکان دەکەن و خەڵک پێشوازییەکی زۆر باشیان لێ دەکات، ئێستە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی و لقی پارتی لە مووسڵ ھەیە، بەردەوام چالاکییان ھەیە و خەڵکیش بەردەوام سەردانیان دەکەن و کار بۆ داواکارییەکانیان دەکەن، بەردەوام کار بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەکەن.
مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، ڕایگەیاند: گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مووسڵ بۆتە جێگەی خۆشحاڵی ھەموو پێکھاتە و چین و توێژەکانی شارەکە، چونکە دەزانن ئامانجی پارتی لە گەڕانەوەی خزمەتکردنی ھەموو خەڵکی مووسڵە بێ جیاوازی، پارتیش گرنگی بە ھەموو پێکھاتەکانی ئەو پارێزگایە دەدات.
لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە و زۆرترین دەنگی سنووری پارێزگاکەی کۆکردووەتەوە. نەینەوا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و بۆ ھەموو لایەک گرنگیی تایبەتیی خۆی ھەیە. بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، گوتیشی: لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٧ـە، ئێمەش دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە لە سنووری لقەکانی خۆمان، ئەمجارە دەنگی باش بەدەست دێنین، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دە کورسیمان بەدەست ھێنا یەکێکیان لە ئێمە وەرگرتەوە و نۆ کورسیمان ھەیە، ئەمجارەش پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی باشی کورسی بێنین، لە مووسڵ بەگشتی پەنجا و دوو کاندیدمان ھەیە کە خۆی مووسڵ بیست و شەش کورسی ھەیە، جگە لە پێکھاتەکان، پێشبینی دەکەین ھەشت کورسی بەدەست بێنین.
ڕۆژی ٩ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا ئیمزا کرا، کە خۆی لە چەند خاڵێک دەبینێتەوە، لەوانەش، ھەڵبژاردنی قایمقامی نوێ، حکوومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەکات، دامەزراندنی دوو ھەزار و پێنج سەد کەس لە خەڵکی شنگال و ئاوارەکانی و دروستکردنی ھێزێکی نوێ، کۆتاییھێنان بە پەکەکە و ھەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی و ھاوکات ھەولێر و بەغدا ھەماھەنگی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ئیدارەکردنی بکەن. مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، دەڵێت: داوا دەکەین ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێندرێتەوە و ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.