ئەمڕۆ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان سنووری پارێزگای سلێمانی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی بەپێی رۆژمێری فەرمی ساڵانەی خوێندن دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووەتەوە و مامۆستا و قوتابییان گەڕاونەتەوە ناو قوتابخانەکان بۆ درێژەدان بەخوێندن، بەڵام لەسنووری پارێزگای سلێمانی تا ئێستا دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان.
لە راگەیەندراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووە، ئاشکرایە هۆکاری بایکۆتکردنەکە بریتیە لە دواکەوتنی مووچەکانیان، ئێمه لامان وایە مووچە سەرەتایترین مافی مامۆستایان و مووچەخۆرانە و ئێمە بەتەواوەتی پشتگریان دەکەین، هەروەها لای هەمووان ئاشکرایە کە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کێشەی مووچە پەیوەستە بە حکومەتی فیدڕاڵ کە تا ئێستا بەپێی دەستوور و یاسای بودجە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەشی هەرێمی کوردستان نانێرن و بابەتی مووچە و ئیمتیازاتی هەرێمی کوردستانیان تێکەڵ کردووە بە هەندێک پرسی دیکە، ئەمەش غەدرێکی زەقە و پێچەوانەی رێکەوتنەکان و بنەماکانی مافەکانی هاووڵاتییانە کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە.
دەستەی سەرەبەخۆی مافی مرۆڤ جەختی لەوەشکردەوە، هەمیشە پشتگیری لە دابینکردنی مافەکانی مامۆستایان و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە مامۆستایان رەچاوی ئاییندەی قوتابییان بکەن و ناکرێ قوتابییان ساڵێکی ماندووبون و خوێندیان بفەوتێ بەهەر بیانوویەک بێت و “ئێمە نیگەرانی خۆمان دەڕدەبڕین بەوەی کە تا ئێستا لەهەندێک قوتابخانە دەوامی ساڵی تازە دەستیپێنەکردووەتەوە ئەمە زیانێکی گەورەیە لەسەر پەروەردە و پڕۆسەی فێرکردنی قوتابییان”.
باس لەوەشکراوە، هێشتا دەرفەت ماوە تا مامۆستایان زیاتر بە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە وەک هەمیشە وابووە بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و دڵی قوتابییان خۆش بکەنەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە حكومهتی فیدڕاڵ دەکات ئەم ئابڵۆقە داراییە لەسەر حكومهتی ههرێمی کوردستان هەڵبگرێت.