هەڤاڵ ئەبوبەکر: داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین پابەندی رێککەوتنی ناردنی مووچە ببێت

پارێزگاری سلێمانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پابەندی رێککەوتنی ناردنی مووچە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان  ببێت و مووچەی فەرمانبەر و مامۆستایان لەکاتی خۆیدا بنێرێت، بۆ ئەوەی بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن کۆتایی پێبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بایکۆتی بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری ئەو پارێزگایە، گوتی، “داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم پابەندبێت بەو رێککەوتنەی کراوە و مووچە لەکاتی خۆیدا بنێرێت بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخەیە (بایکۆتی مامۆستایان) کۆتایی بێت”.

وەکو ئەوەی پارێزگاری سلێمانی باسی دەکات، “نابێت جارێکی دیکە بۆ سەندنی مافەکانمان، ستەم لە قوتابیان و خوێندکارانمان بکەین، بۆیە داوای من ئەوەیە سیستمی گشتی، بەرژەوەندی و ئەرکی گشتی ڕەچاوبکرێت بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکەینەوە”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو: “سوپاسی ناوەندەکانی خوێندن دەکەم کە ژمارەیەکی زۆریان دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە و ئومێدەوارم بە زووترین کات مامۆستاکان بە مافەکانی خۆیان بگەن؛ چی دامەزراندنی وانەبێژان بێت یان پێدانی مووچەکانیان بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە کۆتایی پێ بێت”.

بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، “پڕۆسە و ماوەی خوێندنی قوتابی و خوێندکاران قەرەبوو ناکرێتەوە؛ خوانەخواستا نەخۆشێک لە نەخۆشخانەکان گیان لەدەست بدات قەرەبوو ناکرێتەوە، بۆیە هیوادارم بەرژەوەندی گشتیی ڕەچاوبکرێت و هەمووان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان”.