له‌ ماوه‌ی چوارساڵی ڕابردوودا، نزیكه‌ی شه‌ست هه‌زار زه‌وی كارت گۆڕدراون بۆ سه‌نه‌د

چواس خالید – هەولێر

له‌ ڕابردوودا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری تاپۆ كردنی هه‌موو زه‌وییه‌ كارته‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ركرد، وه‌ك چاره‌یەك بۆ گرفتی زه‌وییه‌ بێ تۆماره‌كان، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ سنووری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار زه‌وی كارتی دیكه‌ كاره‌كانیان ته‌واو كراوه‌.

پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ی به ‌كارت دابه‌ش كرابوون هێكجار زۆربوو، كه‌ له‌ هه‌ولێر زیاتر له‌ سەد و بیست هه‌زار پارچه‌ زه‌وی هه‌بوو، به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و خێزانی سه‌ربه‌رزی شه‌هید و مامۆستا و هتد. دابه‌ش كرابوون و ته‌نیا كارتێك به‌ خاوه‌نه‌كانیان درا بوو، خۆ هه‌شبوو له‌ پارچه‌ كاغه‌زێك ژمارەیەکیان بۆی نووسیبوو، ئه‌وان كه‌ له‌ هه‌موو ته‌مه‌نیان ته‌نیا جارێك ده‌رووی ڕه‌حمه‌تی حكوومه‌تیان لێ ده‌كرێته‌وه‌، له‌ بازاڕه‌كاندا به‌ هۆی تاپۆ نه‌بوونیان، نیوه‌ی به‌هاكه‌ی بۆ گیرفانی بازرگانان ده‌ڕۆیشت.
تا دواجار حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیكرد به‌ چاره‌ی ڕیشه‌یی و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری تاپۆكردنی هه‌موو پارچه‌ زه‌وییه‌كانی كارتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.
له‌و كاته‌وه‌ پڕۆسه‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌كانی كارت له‌ كوردستان و هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد و چه‌ندین لیژنه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی و تاپۆ و كشتوكاڵ پێك هێنرا، شاره‌وانیی هه‌ولێر به‌ قۆناغ ئه‌و زه‌ویانه‌ تاپۆ ده‌كات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ پێگه‌ی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، پڕۆسه‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كان له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، ده‌ هه‌زار و دوو سه‌د و چل و دوو زه‌وی كارتی دی له‌ هه‌ولێر كاره‌كانیان ته‌واوكراوه‌ و وێنه‌ی تۆمار (تاپۆ) یان بۆ ده‌ركراوه‌ و له‌مڕوه‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی وێنه‌ی تۆماری زه‌وییه‌كانیان، ده‌توانن سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی شاره‌وانی بكه‌ن.
له‌و ژماره‌ زه‌وییه‌ی كه‌ وێنه‌ی تۆماریان ئاماده‌كراوه‌، هه‌زار و شه‌ش سه‌دیان له‌ كانی قڕژاڵه‌ و دوو سه‌د و بیست دانه‌شیان له‌ كه‌رتی ٩٢ی شاوێس و هه‌زار و هه‌شت دانه‌یش له‌ گڕه‌سۆری نوێ له‌ ناوی نه‌خشه‌ی كه‌رتی باغه‌مره‌شه‌هابه‌، پێنج سه‌د و نه‌وه‌ت پارچه‌ زه‌وی كارتیش له‌ عه‌ره‌ب كندی و چوار هه‌زار و سێ سه‌د و سی و دوو زه‌وی كارت له‌ گوندی كۆری، شه‌ش سه‌د زه‌وی كارت له‌ قه‌ره‌چناغه‌ له‌ناو نه‌خشه‌ی كه‌رتی باغمره‌شه‌هاب، هه‌زار و سه‌د زه‌وی كارتیش له‌ گه‌ڕه‌كی قه‌ڵای نوێ له‌ سنووری بنه‌سڵاوه‌ گۆڕدراون بۆ تاپۆ و وێنه‌ی تۆماریان ئاماده‌كراوه‌.
جیا له‌وانه،‌ ئێستا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی یه‌كه‌ی گۆڕینی كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌د له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ و فه‌رمانگه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دی، كار بۆ گۆڕینی ناونیشانی ئه‌و زه‌ویانه‌ی دی ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر به‌ كارت دابه‌شكراون.
به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، پار حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د كارتی زه‌وی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماركردنی تۆماری دووه‌می هه‌ولێر له‌ كه‌رتی باغه‌مره‌ ئه‌فه‌ندی و شه‌ش سه‌د و سی و یه‌ك كارتی زه‌وی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ی عه‌نكاوه‌ له‌ كه‌رتی یه‌كی گردجووتیار تۆماركراون.
پێشتر و له‌ماوه‌ی ڕابردووش، نزیكه‌ی سی و دوو هه‌زار زه‌وی كارتی دی كراونه‌ته‌ سه‌نه‌د و تا ئێستا و له‌ ماوه‌ی چوارساڵی ڕابردوودا، نزیكه‌ی شه‌ست هه‌زار زه‌وی كارت گۆڕدراون بۆ سه‌نه‌د.
ئه‌م هه‌نگاوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی به‌ هاووڵاتیانی، كه‌ ئامانج له‌ تاپۆ كردنی سه‌رجه‌م زه‌وییه‌ كارته‌كان ئه‌وه‌یه‌، هاووڵاتیان بتوانن له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ سوودمه‌ند بن. له ‌ڕابردوودا و له‌ هه‌رێمی كوردستان، زه‌وی به‌سه‌ر هه‌ر چین و توێژێكدا دابه‌ش كرابێت، تۆماری خانووبه‌ره‌ی بۆ ئاماده‌ نه‌ده‌كرا و هه‌ر به‌ كارت دابه‌ش ده‌كرا، ئه‌وكات بازرگانانی زه‌ویزار تێی ده‌ئاڵان و زۆرێكیان كه‌ نه‌بوونی ناچار به‌ فرۆشتنه‌وه‌ی ده‌كردن، (ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییان وه‌رگرتووه‌ و ناویان له‌ سوودمه‌ندانی حكوومه‌ت تۆماركراوه‌)، له‌به‌ر دواكه‌وتن و تاپۆ نه‌كردنیان و به‌ كارت دابه‌شكردنی زه‌وییه‌كان، نیوه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كه‌كانیان به‌ بادا ده‌چوو، كه‌ له‌به‌ر بێ تاپۆیی به‌ نرخێكی كه‌م له‌ چنگیان ده‌رده‌هێنرا.
هه‌ر زه‌وییه‌ك كه‌ كارت بێت و تاپۆ نه‌كرابێت له‌ بازاڕی زه‌ویوزاردا نیوه‌ی به‌هاكه‌ی ده‌كات، به‌ نموونه‌ ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌ك تاپۆ نه‌بێت و كارت بێت، نرخه‌كه‌ی پێنج هه‌زار دۆلار بێت، ئه‌گه‌ر تاپۆ بكرێت ده‌ هه‌زار دۆلار ده‌كات و بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ تاپۆكردنی زه‌وییه‌ كارته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی خاوه‌ن زه‌وییه‌كانه‌.