لە ساڵڕۆژی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا، بۆ میدیایەکی نزیک لە حزبەکەی، وەستا رەسووڵ، یەكێك لە خیانەتكارانی نێو یەكێتی كە لە پاداشتی خیانەتەكەی، ئێستا كراوەتە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بانگەشەی ئەوەی كرد كە لە 16ی ئۆکتۆبەردا، 75 چەکداری حەشدی شەعبی و سوپا کوژراوە و گوایە ئەوان شەڕی چەند دەوڵەتێكیان كردووە.
لە بەرامبەردا ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی راگەیاند: ”ئەو قسانەی هیچ راست نیین، ئەوان ئەسڵەن بەشێک لە پێشمەرگەکانی خۆیان لە رێککەوتنیان لەگەڵ دوژمن ئاگادار نەکردبووەوە، بۆیەش بەشێک لە پێشمەرگەکانی کاک کۆسرەت شەهید بوون، ئەگەر ئێستا لە پێشمەرگەکانی کاک کۆسرەت بپرسیت بۆ هاوڕێکانتان شەهید بوون، پێتان دەڵێن هۆکار چی بووە، ئەوان خیانەتیان لە پێشمەرگەکانی خۆشیان کرد، سەنگەری پێشەوەیان چۆڵ کرد و ئاگاداریان نەکردنەوە، ئەی خیانەت لەوە زیاتر چییە و چۆنە؟.
هاوکات ئەحمەد کانی، دەشڵێت: ”قسەکانی کاک کۆسرەت بەڵگەی سەلمێنەرن، کە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کردی، گوتی گرووپێکی کاڵفام هۆکار بوون بۆ لەدەستدانی کەرکووک.“
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: ”خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر زۆر روونە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، سێ رۆژ پێش 16ی ئۆکتۆبەر هێزەکانیان کشاندبووەوە، کاتێک لێیان پرسرابوو بۆ ئەوەتان کردووە، گوتیان ئەمە تاکتیکە و بۆ بەرگرییە، بە ڤیدیۆ ئێستاش هەیە، کە کابرای تورکمان دێتە لای پێشمەرگەکان و پێیان دەڵێت (ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێوە رێک کەوتووین، ئێرەمان بۆ چۆڵ بکەن، کەلوپەلەکانتان چی هەیە بیبەن). كاتێك هێزەکانی یەکێتی دەکشێنەوە، ئەو خەڵکەی بەرگری دەکات، پێیان دەڵێن عەیبە و شوورەییە رادەکەن و چەکەکانمان بۆ بەجێ بهێڵن، تا ئێمە خۆمان بەرگری بکەین.“
ئەوەشی خستە روو، کە 16ی ئۆکتۆبەر رۆژێکی رەش و خیانەتێکی گەورە بوو، گورزێکی گەورەش بوو لە مەعنەویاتی خەڵکی كوردستان درا.