وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکان. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا: “سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سەرجەم پرسە داراییەكان”.
دەشڵێت: “بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن”.
پێشەوا هەورامانی، جەختیکردەوە: “حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ریشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان”.
بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و رۆژی چوارشەممە 18/10/2023، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وعەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدواداچوون و ژمارەیەک راوێژکار پێکدێن.