بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، پرۆژەی دروستکردنی ڕێرەوی نابینا لەسەر شۆستەی شەقامی چواڕیانی نیشتیمان و شۆستەی شەقامی بازاری سیروان تاوەکو چواریانی شێخی چۆڵی و شۆستەی پارکی شار و قەیسەری و قەڵاو شەقامی باتا لە شاری هەولێر چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەکە بە گوژمەی 240 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی سەدا 15ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بە شێوازی بەڵێندەرایەتی خرایە بواری جێبەجێکردن و درێژی رێرەوەکە نزیکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمە بۆ جاری یەکەمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان رێڕەوێک بۆ نابینایان دیاریبکرێت کە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات بێنە ناو شار. ئەمە قۆناغی یەکەمە و لە داهاتووشدا پلان و بەرنامەی دیکەمان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت”.
ئومێد خۆشناو گوتیشی، “لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی رێڕەوەکە دەکرێت و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و دواتر دەکەوێتە خزمەتی نابینایان. وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەینەوە، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لای ئێمە گرنگیی تایبەتیی خۆیان هەیە و بە پێی تواناکانمان بەبێ جیاوازی خزمەتی هەمووان دەکەین”.
هاوکات سەرۆکی یەکێتی نابینایانی کوردستان هەر لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، ئەوەی کراوە “چالاکییەکی زۆر گرنگ و گەورەیە و رێگەکە بۆ ئێمەی نابینایان زۆر گرنگە. ئەمە رووی شارستانیی هەولێر نیشان دەدات و ئێستا هەولێر بەرەو شارستانی هەنگاو دەنێت”.