سه‌رۆكی حكوومه‌ت بڕیارده‌دات هۆشیاریی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن بڵاوبكرێته‌وه‌

چواس خالید – هەولێر

مه‌سه‌رور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ڕاده‌سپێرێت و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی هه‌یه‌، باڵه‌خانه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی تووشبوانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بنیات بنێت.

دوێنێ، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنفراسی ‘به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان’ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی لێیی، لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی پرسی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان و هاوكاریكردنی حكوومه‌ت له‌ به‌هێزتركردنی سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه‌ له‌ پێناو پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.
له‌ میانی كۆنفراسه‌كه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد “به‌پێی ئاماره‌كانی به‌رده‌ست، بازرگانیی و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ و ئه‌مه‌ش زه‌نگی مه‌ترسییه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و نابێت هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌ سزادانی بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بكرێت”.
له‌گه‌ڵ زیادتربوون و هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی به‌كارهێنان و بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆكرد، هاوكات ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شیان زیاتر ده‌بێت.
مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ئاسایش و ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵگه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاسایش و یاسایی، مه‌به‌ستییه‌تی هاووڵاتیانیش له‌ ده‌ره‌نجامی وێرانكه‌ری مه‌ترسیی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هۆشیارتر بكات.
به‌پێی نووسراێكی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٣، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و كۆمه‌ڵگه‌ ڕاسپێردراوه‌.
له‌ نووسراوه‌كه‌دا هێما بۆ ئه‌وه‌ كراوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ ماوه‌ی سی ڕۆژدا، پلان و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌رز بكرێته‌وه‌ تا كاری پێویستی له‌سه‌ر بكرێت.
هاوكات دۆكتۆر دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی هه‌ولێر بۆ ڕاگه‌یه‌ندنه‌كانی ئاشكراكردووه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌ به‌ بنیاتنان و دروستكردنی سه‌نته‌ری چاره‌كردنی به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی.
كه‌ له‌و سه‌نته‌رانه‌دا به‌كارهێنه‌ران و ئالوده‌بوانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، سه‌ره‌تا له‌ژێر ڕێنمایی پزیشك چاره‌ی پزیشكییان پێده‌درێت و دواتر ئاما‌ده‌ ده‌كرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕژتانه‌ كار ده‌كات له‌ قه‌ڵاچۆكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافییه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیان وه‌ك ترانزێت به‌كار ده‌هێنن، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یاسای ژماره‌ یه‌كی ساڵی ٢٠٢٠ی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ر و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌سند كرد.