دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ گفتوگۆکان لە پەرلەمانی عێراق چڕ بکرێنەوە بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، عێراق بەپێی ڕەشنووسی ئەو یاسایە دەیەوێت ڕوو لە گرێبەستی جۆری هاوبەش بکات لەجیاتی خزمەتگوزاری، ئەگەر ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکات لە چوارچێوەی یاسادا ئەوە ڕوو لە هەنگاوێک دەکات کە ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکرێت .
بەپێی گوتەی ئەندامانی شیعەی لیژنەی نەوت و گاز ئەو هەنگاوە چڕ دەبێتەوە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق.
هەرچەندە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو ژمارەیەک کێشە گفتوگۆیان لەسەر کراوە، بەڵام 11 پرس لە نەوت و گازدا هێشتا ماوە و چارە نەکراوون. عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: مەبەست لە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی نەوت و گازەوە پێشنیاز کراوە، ئەوەیە وەزیری نەوت سەرپەرشتی ئەنجوومەنەکە بکات، هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش لە سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە بێت و هەمان دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی هەبێت .
مەشکوور گەشبینە کە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسندبکرێت و دەڵێ: لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسند دەکرێ، بەپێی گوتەی ئەو ئەندامە خاڵی سەرەکیی لەو پڕۆژەیاسایەدا ئەوەیە کە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێتە هاوبەش لەجیاتی خزمەتگوزاری .
بەپێی ئەو گرێبەستە داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو دابەش دەکرێت بەسەر ئەو پارێزگایانەی بەرهەمهێنەری نەوتن لەسەر بنەمای گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی و سەرمایەی تاک، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە بەشێوەیەکی دروست و بێ جیاوازی داهاتەکان و پارەی پترۆدۆلار دابەش بکرێت.
جگە لەوەش، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بە جۆرێک دەبێت کە هەوڵدەدرێت دەستکراوەیی زیاتر بدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت لە کارکردن لە کێڵگەکان نەک ئەو شێوازە کۆنەی بۆ گرێبەستەکان و شێوەی کارکردنیان هەیە .
وەکو ئەندامێکی دامەزرێنەری ئۆپێک عێراق نزیکەی سەد و چل و پێنج ملیار بەرمیل نەوتی خاوی یەدەگی هەیە، یەکێکە لە زۆرترین یەدەگەکانی نەوت لە جیهان لە عێراق، لەرێگەی یاسای نەوت و گازیش دەیەوێت پێشکەوتن بداتە کەرتی نەوت و گاز و چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاسایەش بەشێکی زۆر لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارە بکات .