سامان بەرزنجی: بڕیاردراوە سەنتەری چارەسەرکردنی تایبەتمەند بۆ ئاڵودەبووان دروست بکرێت

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵی یەکەم لەژێرناوی “رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر رایگەیاند، ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێستادا جیاوازترە لە چەند ساڵێک بەر لەئێستا، هەروەها کێشەی ماددە هۆشبەرەکان کێشەیەکی جیهانییە، لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت خەلیج و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتانی دەوروبەریشی گرتووەتەوە.

گوتیشی: کێشەی ماددە هۆشبەرەکان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و تاکەکان هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر ئابووری و ئاسایشی وڵاتیش هەیە، لەلایەنی تەندروستیشەوە توشی کۆمەڵێک نەخۆشی گوازراوە دەبێت، ئەمە جگە تاوانێکی نێودەوڵەتییە.

وەزیری تەندروستی روونیشیکردەوە، یەکەمین یاسا لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2020 لەسەر ئەو بابەتە تاوتوێکرا، کە لە حەفت بەش و 50 ماددەی یاسایی پێک دێت، هەروەها ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ زۆر لایەنی حکومی و ناحکومی هەیە، دەشڵێت: یاساکە دوو بەشی گرنگی تێدایە، بەشێکیان چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و رێگریکردن لەماددە هۆشبەرەکان ولایەنی چارەسەرییەکەیتی، بەشی دووەمیش لایەنی دادوەری و سزایە.

باسی لە لایەنی تەندروستییەوە کرد و رایگەیاند، بنکەی تەندرستی لەناو هەموو چاکسازییەکانی سەر بەوەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دا هەیە، بەتایبەت پسپۆڕانی نەخۆشییە دەروونییەکان، تاوەکو بتوانن چارەسەری ئەو نەخۆشانە بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کێشەی ماددەی هۆشبەری تێدایە، دەرفەت بەگروپە تاوانبارەکان دەدات کە لەو بوارەدا جموجۆڵ بکەن.

سامان بەرزنجی سەبارەت بە دروستکردنی سەنتەرێکی تایبەتمەند ئاشکرایکرد، بڕیاردراوە سەنتەری چارەسەرکردنی تایبەتمەندییان بۆ دروست بکرێت، کە جیا بکرێتەوە لە نەخۆشانی دیکەی دەروونی، ئەوسەنتەرە تەنها بۆ چارەسەر نییە، بەڵکو بۆ مانەوەی ئەو نەخۆشانە دەبێت، کە لەرێگەی دادگاوە رەوانە دەکرێت، جگە لەوەش پێویستی بە شیاوکردنەوە هەیە، کە ئەو ئەرکە بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی سپێردراوە، تاوەکو ئەو کەسە لەرووی کۆمەڵایەتییەوە ببێتەوە بە کەسێکی ئاسایی.