کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانین لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، کە کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئوردن و لوبنان کاردەکەین، بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کەمبکەینەوە.
مارک سترۆ، کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لەگوتاری خۆیدا لە کۆنفڕانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان کە لەهەولێر بەڕێوەدەچێت گوتی: دەمەوێت لێرە باس لە سیاسیەتی وڵاتەکەم بکەم لەسەر ماددەی هۆشبەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە مانگی 6ـی ساڵی رابردوو ستراتییژیەتی خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان راگەیاند.
روونیشکردەوە، لەو ستراتیژییەتەدا ئێمە چوار هەوڵی گرنگی خۆمان خستووەتە روو، بۆ پاڵپشتیکردنی یاسا و لێکۆڵینەوە، سزادانی ماددی و یاسایی، هەروەها هاوکاریکردنی دامەزراوە خۆجێیەکان لە ناوچەکەدا و گەیاندنی پەیام و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.
دەشلێت: ئێمە لە دوو ئاراستەوە کاردەکەین، لە ئێستادا هاوکاری لوبنان دەکەین، چونکە ئەوان لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانن، هەروەها هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی ئوردن دەکەین بۆ پاراستنی سنوورەکانییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان، بۆ ئەوەی کاریگەری ئەو ماددانە لەسەر وڵاتەکەیان کەم بکەنەوە.
باسی لەوەشکرد، لە ئەمەریکا نیگەرانین لە بەکارهێنانی ئەو ماددانە کە کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆیە ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئوردن و لوبنان کاردەکەین، بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کەمبکەینەوە.
کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، دووۆاتیکردەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نوسینگەیەکی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و رێگریکردن لە بەکارهێنان، ئەوانەشی بەکاریان هێناوە بیانگەڕێنینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەڕەشەیە لەدەرەوەی سنوورەکانە، ئەمە تۆڕێکە لە 17 وڵاتی جیهانەوە کە لە ئاسیاوە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەو کارکردنەی ئێمە پێکەوە زۆر زۆر گرنگە.
راشیگەیاند، ئەو ماددە هۆشبەرانە خەڵکێکی زۆری لەناوبردووە، هەروەها لەگەڵ عێراق و هەسەدە کاردەکەین بۆ ئەوەی رووبەرووی رژێمی ئەسەد و حزبوڵڵا و هاوبەشەکانی دیکەی ببینەوە کە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن.