مه‌سرور بارزانی: مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان زه‌نگێكی مه‌ترسین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وه‌زیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ و  لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پەیوەست بەو پرسە ده‌ستی پێكرد.
كاتژمێر 10ی به‌یانی ئه‌مڕۆ یەکشەممە، 15ـى تشرینی یەکەمی2023، لە شارى هەولێر کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەستی پێكرد و له‌ كۆنفراسه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان زه‌نگێكی مه‌ترسین  له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ده‌ین،  مه‌ترسیه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هیچیان له‌ تیرۆر كه‌متر نییه‌.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان یه‌كێكه‌ له‌ مه‌ترسیدارترین دیارده‌كان، پێویسته‌ دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ توندترین شێوه‌ به‌ره‌نگاری بارزگانانی هۆشبه‌ره‌كان ببنه‌وه‌، ده‌بێت كار بكرێت بۆ ووشكردنی سه‌رچاوه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئه‌ركی هه‌مووانه‌.
گوتیشی، بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ته‌ ئامانج.
هه‌ر له‌ كۆنفراسه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، كارده‌كه‌ین بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تووشبووان بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌، پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تێكی چڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستپێبكه‌ین، نابێت له‌ سزادانی بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌مته‌رخه‌م بین… نوێده‌كرێته‌وه‌….
لە کۆنفرانسەکەدا کە نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی دەکات، پانێڵەکانی ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، ڕۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، بە بەشداریی لایەنی حکومەتی و نوێنەرانی دەرەکی و ڕێکخراوەکان پێشکەش دەکرێن.
ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانس بریتییە لە لێکۆڵینەوەى وردی پرسی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و هاوکاریکردنی حکومەت لە بەهێزترکردنی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەى ئەو ماددانە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.