دوای سێ ساڵ لە ڕێککەوتنی شنگال، گرووپی چەکداری نایاسایی ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

سێ ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تێپەڕی، هێشتا بەشێکی کەمی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کراوە، ئاستەنگێکی سەرەکیش بوونی گرووپی چەکدارە لەو ناوچەیە .

لە ئۆکتۆبەری 2020 و بە دروستی لە 9ـی ئۆکتۆبەر، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی دام و دەزگە شەرعیەکان بۆ ئەو ناوچەیە ئیمزا کرد، بەڵام دوای سێ ساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا سووربێت لەسەر خاڵەکان و ئەو ئەرکانەش کە لە سەر هەرێمی کوردستانە، جێبەجێی کردوون، داوا دەکات بەغدا بە دەستێکی تووندتر دۆخی شنگال چارە بکات.
ڕێککەوتنەکە دەرچوونی هەموو گرووپە چەکدارەکان دەگرێتەوە لەنێویدا پەکەکە، بەڵام سێ ساڵە پەکەکە ئاستەنگ بۆ ئەو ڕێککەوتنە دروست دەکات، لەوبارەوە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەڵێ : رێگە نادەین ئایدۆلۆژیای پەکەکە و چالاکییەکانی ببێتە بەشێک لە شنگال و ناوچەکە ناسەقامگیر بکات.
کوردی ئیزدی لە شنگال لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دەیان تاوان و دەستدرێژی بوونەتەوە، ئێستاش بەهۆی ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکانیان و ڕێگریی لە ڕێککەوتنی کارگێڕی، ئەمنی هێشتا بەشی زۆریان لە ئاوارەییدا دەژین.
بەشی زۆریان هێشتا لە ئاوارەییدا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، لایەنە نێودەوڵەتیەکانیش، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها ئەمریکا و وڵاتانیش داوا دەکەن هەردوو حکوومەت ڕژد بن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە و کۆتایی بەو چەقبەستوویە بێنن کە بۆ ڕێککەوتنی شنگال هەیە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دەڵێن: هێشتا کوردی ئێزدی لە شنگال لە دۆخێکی خراپدان، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەو ڕێککەوتنەی هەیە بۆ چارەی دۆخی کوردی ئێزدییە لە زێدی باووباپیرانیاندا.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، هۆشداری دا کە وەبەرهێنەران ئامادە نین دەستی ئاوەدانی ببەنە شنگال هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ئەو شارە گەڕاندەوە لەبەر جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە، بەڵام دەڵێ بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتەکان، دامەزراوە فەرمیەکان بۆ هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە .
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئاسایشی شنگال بەرپرسیارێتی عێراقە، دەبوو عێراق هێزێک لە نێوخۆی شنگال دروست بکات بۆ ئاسایشی شارەکە و گرووپە چەکدارەکانیش دەر بکات، بەڵام ئەوە نەکراوە، بەوهۆیەشەوە لەبەربوونی پەکەکە، تورکیا چەندین جار ناوچەکەی بۆردوومان کردووە، ئەو دۆخەش ژیانی لە خەڵك تاڵکردووە .
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، نزیکەی ٪80ـی ژێرخانی شنگال و ٪70ـی خانووی سڤیلی خەڵک لەکاتی شەڕی داعش وێران بوو لە نێوان 2014 بۆ 2017، خزمەتگوزارییە سەرەکیەکان لەوانە ئاو و کارەبا بە تەواوی تێکچوو، هەرچەندە بەشێکی هەیە، بەڵام هێشتا زۆربەی ژێرخانەکەی پێویستی بە چاککردنەوەیە و لەبەر ئاسایشی شنگال و گرووپی چەکدار نەتوانراوە بکرێت .