لە هەولێر پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گرنگ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت جێبەجێ دەکرێت

هەفتەی داهاتوو لە هەولێر بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەست بە پڕۆژەی دانانی ڕێرەوی ھاتووچۆی تایبەت بە نابینایان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی 10ـی 2023 ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی دا بۆ نابینایان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

لە ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێردا هاتووە “بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی کابینەی نۆیەم گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی بووە بۆ ھاووڵاتییان، بۆ ئەومەبەستەش لەپێناو پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵگە و گەیاندنی خزمەتگوزاریی هەمەجۆر بۆ سەرجەم چینوتوێژەکان و بەتایبەتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردی جیھانی لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە پڕۆژەی دانانی ڕێرەوی ھاتووچۆی تایبەت بە نابینایان و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت.”