رووسیا 60 زەمالەی خوێندن دەبەخشێتە قوتابییانی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی خوێندنی باڵای رووسیای فیدارڵ بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) 60 زەمالەی خوێندنی لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەش بە قوتابییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

تاوەکو ساڵی 2022 ژمارەی زەمالەکانی خوێندن لە رووسیا بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا 30 زەمالە بوو، بەڵام رۆژی 6/11/2022  ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتی رووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سیمینارێکدا لە زانکۆی سۆران رایگەیاند، “حکومەتی وڵاتەکەی دوو بەرامبەر ژمارەی زەمالەکانی خوێندنی بۆ هەرێمی کوردستان زیاددەکات”.

هەر کەسێک مەرجه‌كانی تێدایە و ئارەزووی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی رووسیا بکات، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییه‌كان، ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ئەم لینکەی خوارەوە داواكاری پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بكات:

لینکی پێشکەشکردنی داواکاری

مەرج و پێداویستییەکان بۆ پێشکەشکردنی زەمالەکان:

-پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

-ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتی پێشکەشکار دەبێت لە ساڵ و نیوێک زیاتر بێت.

-ئەگەر قوتابی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی بێت، پێویستە بڕوانامەی دەرچوون بەزمانی ئینگلیزی یاخود عەرەبی لە وەزارەتی پەروەردە وەبگرێت و پاشان لە وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر لە کونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێر وەریبگێرێت بۆ زمانی رووسی و واژۆ و پەسەند بکرێت لەلایەن کونسوڵخانەوە .

-ئەگەر قوتابی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بوو، پێویستە بڕوانامەی بە نمرە و بڕوانامەی (جیداری) بەزمانی ئینگلیزی یاخود عەرەبی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاشانیش لە کونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێر واژۆ و  پەسەندی بکات، دواتر لە کونسوڵخانەی رووسیا بڕوانامەکە بۆ زمانی رووسی وەربگێڕێت.

-ئەو قوتابیانەی خوێندنیان لە وڵاتی رووسیا تەواو کردووە، راستەوخۆ بەڵگە و دۆکیومێنتەکان پێشکەش دەکەن، پێویست بە واژۆ و پەسەندی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.

ئەو فێرخوازانەی فەرمانبەرن لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەر لە پێشکەشکردن رەچاوی ئەم رێنماییانە بکەن

مەرجی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر:

• پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).

• کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی رووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بەپێی شار و زانکۆکە. بۆ وردەکاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

• پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (رووسیا) دەبێت.

• لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکان هیچ فایلییان لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکەن، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک پێویست بە سەردانکردنی وەزارەت و دەستەکان ناکات.

مەرجی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی دکتۆرا:

• پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).

• کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی رووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت.

دوا کات بۆ پێشکەشکردن 30-11-2023ـیە.