سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ژمارەیەک پارێزەری کورد لە لاهای بەشداری لە کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی دەکەن

شاندێكی پارێزەرانی ھەرێمی كوردستان بە سەردانێك لە شاری لاھای ھۆڵەندان و بەشداری کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی دەكەن، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی پارێزەرانی دادگاكانی لاھایی و ژیری دەستكرد وەرگرن.

محەممەد مەنتک، یەکێکە لەو پارێزەرە کوردانەیە لەگەڵ 21 پارێزەری دیكەی هاوپیشەی لە هەرێمی کوردستان چوونەتە لاهای و بەشداریان لە کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی کردووە، بە ئامانجی ئەوەی ئەزموون و یاسای نوێ لە كۆڕبەندەكەدا فێرببن، ئەو زیاتریش گوتی سەردانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیمان کرد، چەندین یاسا و ئەزموونی نوێ لەوێ فێر بووین”.

پارێزەرانی کورد ئاشکرای دەکەن، ئەو کۆڕبەندە گرنگی زۆری هەبوو، چونکە ئەوان شارەزای ژیری دەستکرد بوون لە بواری کاروباری یاساییدا. ئەم ئەزموونەش دەگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

یەکێکی دیکە لە پارێزەرە بەشداربووەکانی کۆڕبەندەکە بەناوی پێشەنگ زوهێر، دەڵێت: “گرنگی بەشداربوونمان لەو کۆڕبەندە ئەوەیە بزانین چۆن زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن، چونکە تائێستا لای ئێمە نییە، هاتووین لێرە سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگرین”.

“لە دادگاکانی ئەوروپا زیرەکی دەستکرد براوەتە ناو کاروباری دادگاکان، ئێستا ئەوان لە حاڵەتگی فۆرمەلەکردنی ئەو بابەتەن، بەڵام هێشتا لای خۆمان ئەو ئەزموونە نییە”، ئەمە قسەی میران عوسمان پارێزەرێکی کوردە لە کۆڕبەندی جیهانیی یاسایی.

کۆڕبەندی جیهانی یاسایی، ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ چوارەم ساڵە و زیاتر لە 175 پارێزەر، دادوەر، کەسانی ئەکادیمی و پسپۆران لە 30 وڵاتی جیهانەوە بەشداریان کردووە.