هیوا ئەفەندی: فەرمانبەر دەتوانێت لەڕێگەی ‘هەژماری من’ پارەی خزمەتگوزارییەکان بدات


سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی “هەژماری من” لە بەرژەوەندی و سوودی هاووڵاتی و حکومەتە و لەو رێگەیەوە فەرمانبەر دەتوانێت پارەی باج و خزمەتگوزارییەکان بکات. رەتیکردەوە کە حکومەت لەخۆیەوە پارەی خزمەتگوزارییەکان لە پارەی هەژماری فەرمانبەر ببڕێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتر لە مانگێکە دەستیکردووە بە قۆناخی دووەمی پڕۆژەی “هەژماری من،” لەو رێگەیەوە حکومەت دەیەوێت ببێتە دیجیتاڵی، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی قۆناخی دووەمی “هەژماری من،” لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ بە رووداوی گوت، “دەمانەوێت رێگەی 30 ساڵ بە دوو ساڵ لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من ببڕین، لە یەکەم هەنگاو بە فەرمانبەران دەستپێدەکەین کە نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار کەسن، مووچەیان بە رێگەی هەژماری بانکی پێدەدرێت، کە لەسەر پێوەرە جیهانییەکان دروستکراوە و خاوەنی هەژمارە بانکییەکە دەتوانێت لە رێگەی ئەو هەژمارەوە مامەڵەکانی بکات.”

هیوا ئەفەندی ئاشکرای کرد لە قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە، نزیکەی 71 هەزار کەس تۆمار کراون، پڕۆسەکەش بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەگوێرەی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

بە گوتەی هیوا ئەفەندی رۆژانە نزیکەی 5000 کەس لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن، “ئەگەر پڕۆسەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت بۆ سەری ساڵ زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن هەژماری بانکی و وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو لە شوێنە گشتییەکانی وەکو چێشتخانەکانیش هەژماری بانکی بەکاردەهێنن”. گوتیشی، “لە 20 خاڵی هەولێر قۆناخی یەکەم دەستیپێکردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا لە دهۆک و سلێمانیش دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.”

رۆژی چوارشەممە 11ی ئۆکتۆبەری 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەکاتی سەردانیکردنی یەكێک لە بنکەکانی تۆمارکردنی فەرمانبەران بۆ پڕۆژەی “هەژماری من” رایگەیاند، “دەمەوێت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان رابگەیێنم کە ئەو پڕۆژەیە تەنیا بۆ پێدانی مووچە نییە؛ بۆ دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی، دروستکردنی ژێرخانێکی سەقامگیری ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان و بانکەکان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی خەڵکی دیکە لە شوێنە پێشکەوتووەکان لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەردەگرن، خەڵکی ئێمەش بتوانێت لە هەرێمی کوردستان لەو خزمەتگوزارییانە سوودمەند ببێت.”

لای بەشێک لە هاونیشتمانییان و فەرمانبەران ئەو دەنگۆیە هەیە کە دوای دروستکردنی ئەو هەژمارە بانکییە، حکومەت لەخۆیەوە پارەی ئاو و کارەبا و قەرزەکانی دیکە لای هاووڵاتی لە مووچەی ئەو کەسە بگێڕێتەوە، بەڵام سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئەوە رەتدەکاتەوە و دڵنیایی دەدات، “بانک و حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە خۆیان نادەن بچنە نێو هەژماری کەسەکەوە، راستەوخۆ حکومەت قەرزەکانی ئاو و کارەبا و قەرزەکانی دیکە وەرناگرێتەوە، بەڵکو بەشداربوو سەرپەرشتیی راستەوخۆی هەژمارەکەیەتی و دەبێت خۆی بچێت پارەکانی لە هەژمارەکەیەوە بدات، ئەگەر ملیۆنێک دۆلاری حکومەتیش بکەوێتە لای ئەو هاووڵاتییەوە، ئەوا حکومەت راستەوخۆ ناچێت لە هەژمارە بانکیی ئەو هاووڵاتییەوە قەرزەکانی وەربگرێتەوە.”

هیوا ئەفەندی رەتیکردەوە، پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بچێتە سەر هەژمارە بانکییەکە و گوتی، “خزمەتگوزاریی بانکی کەرتی تایبەتە، کە پێشکێشی هاووڵاتیی دەکات، بەڵام پێشینە و قەرزی مووچە پەیوەندیی بە حکومەتەوە هەیە، هاووڵاتی بڕیار دەدات چۆن پارەکەی خەرج بکات، سەرچاوە داراییەکانی حکومەت چەناڵێکە و تێکەڵی ئەو بابەتە ناکرێت.”

پرۆژەى “هەژمارى من” سیستمێکی بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بە فەرمانبەران و مووچەخۆران. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سیستمەکە چەندین سوودی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت، وەکو ئاسانکاریی مووچە دابەشکردن لەکاتی خۆیدا و راکێشانی پارە لە هەر کاتێکدا لە رێگەى ئامێرى پارەدانەوە. جگە لە کەمکردنەوەى ئەرکی مووچەخۆران و بەهێزکردنی سیستمی بانکی بە ئاراستەى بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە هەرێمی کوردستاندا