وادەی دەستپێکردنی خوێندنی باڵا دوادەخرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لەپێناو تەواوکردنى رێکارەکانى خۆتۆمارکردن، دەستپێکردن بە خوێندنی باڵا دوادەخرێت بۆ 25ی ئەم مانگە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکردووە “لەپێناو بەرژەوەندى گشتى پێشکەشکارانى خوێندنى باڵا و بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى خۆتۆمارکردن و وەرگرتنى مۆڵەتى خوێندن لە وەزارەتەکان و ھەروەھا بەھۆی دەرچونی رێنمایی نوێی ژمارە (11)ی سالی 2023 تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، تاوەکو ئەوانەی سوودمەند دەبن لە رێنماییەکە، بتوانن رێکارەکانی خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن ئەنجام بدەن”.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە: “دەستپێکردن بە خوێندنی باڵا/ دیپلۆمی باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى و دیپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى کلینیکى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا لە گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵی 2023-2024، لە رۆژى یەکشەممە رێکەوتی 10/10/2023، دوادەخرێت بۆ رۆژى چوارشەممە رێکەوتى 25/10/2023.