هەناردە نەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینار زیانی بە عێراق گەیاندووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە دوو سەد ڕۆژە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ڕاگیراوە، زیانەکەی بۆ عێراق زیاتر لە ھەشت تریلیۆن دینار بووە.

لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ بە بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا بەوە پابەند کرا کە بڕی یەک ملیار و نیو دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات بەمەش ئەنقەرە ھێلی گواستنەوەی نەوتی بەرەو بەندەری جەیھان ڕاگرت. بەو پێیە تورکیا لە بڕیارەکە نیگەرانە و ئامادە نییە ئەو پێبژاردنە بە عێراق بدات، کە لە ڕۆژی ڕاگرتنی ھەناردەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ حەفتا و نۆ ملیۆن و شەش سەد ھەزار بەرمیل نەوت نەنێردراوەتە دەرەوە، بەوەش ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانی ھەشت تریلیۆن دیناری لە بودجەی عێراق داوە، کە دەکاتە نیوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لەو بودجەیە کە لە ساڵێکدا شازدە تریلیۆن دینارە.
ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا کرد. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت ھەناردە بکات و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، پێویستە ڕۆژانە ھەرێمی کوردستان چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات بە مەبەستی ھەناردەکردنی بۆ دەرەوە یان بەکارھێنانی لە نێوخۆدا.
بەگوێرەی یاسای بودجە، لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دیناری پارەی یاسای بودجەی گشتی، پشکی ھەرێمی کوردستان بە زیاتر لە شازدە تریلیۆن دینار بۆ ساڵێک ھەژمار کراوە.
زیانی ھەناردەنەکردنی نەوت بۆ مانگەکانی ڕابردوو بەم جۆرە بووە، مانگی نیسان نۆ سەد و چل و ھەشت ملیۆن و چوار سەد و ھەشتا ھەزار دۆلار، ئایار ھەشت سەد و ھەشتا و چوار ملیۆن و سەد و بیست ھەزار دۆلار، حوزەیران ھەشت سەد و پەنجا و سێ ملیۆن و سێ سەد و بیست ھەزار دۆلار، تەمموز نۆ سەد و شەست و سێ ملیۆن و سێ سەد و پەنجا و شەش ھەزار دۆلار، ئاب یەک ملیار و سی و سێ ملیۆن و پێنج سەد و چل ھەزار دۆلار، ئەیلوول یەک ملیار و سەد و چوار ملیۆن و شەش سەد ھەزار دۆلار، ئەم مانگەش تا ئێستە دوو سەد و نەوەد ملیۆن دۆلار بووە.
بەگوتەی پەرلەمانتاران، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت.
ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەند بووە بە ئەرکی خۆی. شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان کەمتەرخەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی تێدا نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو ناکۆکییەوە ھەیە کە لە نێوان عێراق و تورکیادا ھەیە.بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، لەو بڕە چوار سەد ھەزار بەرمیل لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، داھاتی مانگی ڕابردووی نەوتی عێراق گەیشتووەتە نۆ ملیار و چوار سەد و نەوەد و چوار ملیۆن دۆلار، بڕیاری ڕاگرتنەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و جەیھانی ھەبووە، بەگوێرەی ئامارێکی ماڵپەڕی ئۆیل پرایس ڕۆژانە ئەوروپا زیانی پێنج سەد ھەزار بەرمیلی بەردەکەوێت، کە پشت بە نەوتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبەستێت.