سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک ڕاوێژکارى ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات

.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا سەخت نین.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 10ـی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی له‌بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و ڕێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسی کرد بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی ڕژێمی دیکتاتۆریی پێشووی عێراق بگرێتەوە. بەشداریى هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەرسێ پره‌نسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو، بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت و بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: عێراق لەڕووی سامانی سرووشتی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگە لە ناوچەکەدا و تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش هەیە، کە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات.

له‌بارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نین. لەمڕووەوە گوتی: پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکیى کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و پشتیوانیش لە کارنامەی حکوومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین. بە تایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان مووچه‌كانيان وەربگرن.

شاندەکە وێڕای ستایشکردنی کاروانی ئاوەدانیی و دەسکەوتەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیى سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن