رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال، رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ـی ده‌ستووری عێراق، هاوکات گوتیشی: ئێمە کێشەیەکی دەستووریمان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی ئەوەی ئیرادەیەک هەیە لە بەغدا کار دەکات بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور، یاسا، رێککەوتنەکان و تەنانەت لێکتێگەشتنە سیاسییەکانیش.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لەبارەی رێککەوتنی شنگال، رایگەیاند، رێککەوتنی شنگال یەکێکە لە دەستکەوتەکان، کە ماوەیەکی زۆر گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان بەغدا و هەولێر ئەنجامدرا، چەندین شاند لە ئاستی باڵا لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەتەوە لەسەر ئەو پرسە و گفتوگۆ کراوە، هەروەها لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2017 بۆشیاییەکی ئەمنی دروستبوو لە ناوچەکانی ماددەی 140 و پێشێلکاریەکی زۆر دروستبوو لەو ناوچانە، پێشتریش لەکاتی شەڕی دژی داعش بۆشاییەکی ئەمنی دروستببوو لەو ناوچانە بە تایبەت لە شنگال و دەوروبەری کۆمەڵێک گرفت هاتنە پێش، لەوانە جینۆسایدی ئێزدییەکان تاوەکو ئێستاش خەڵکێکی زۆر بێسەروشوێنن، ناهەقییەکی زۆر بەرامبەر بە پێکهاتەکان لە ناوچەی دەشتی نەینەوا، شنگال و ناوچەکانی دیکە کرا.

هاوکات راشیگەیاند، “لەگەڵ زۆربەی ئەو شاندانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بەڵێنی زۆریان بە جەنابی سەرۆک بارزانی دا بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەشێکی کەم لەو بەڵێنانەیان جێبەجێ کرد، یەکێک لە دەستکەوتەکانی کە لە دەرەنجامی گفتوگۆکان هەبوو واژۆکردنی رێککەوتننامەی شنگال بوو، رێککەوتننامەی شنگال بۆ ئاسایکردنەوی بارودۆخی شنگالە، بەهۆی ئەوەی جۆرێک لە ناسەقامگیری لە بارودۆخی شناگال بوونی هەیە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەو پرسە، لە بەشی هەرە زۆری گفتوگۆکان جینێن پلاسخارت، نێردەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تێیدا ئامادەبوو، چاودێر بووە لەسەر رێککەوتنەکە و واژوکردنی رێککەوتنەکە”.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئەو بابەتانەی کە لە رێککەوتنەکە  ئاماژەی پێکراوە باس لە نائاسایی بوونی بارودۆخەکان دەکرێت، لە دەرئەنجامی ئەو رووداوانەی کە لە 2014 تاوەکو ئێستا بەشی هەرزە زۆری خوشک و برا ئێزدییەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستانن، هەروەها ماڵوحاڵ و زێدی خۆیان جێهێشتووە تاوەکو ئێستا ئامادە نینە بگەڕێنەوە بۆ شنگال، هاوکات نزیکەی 300 هەزار ئاوارە لە کەمپەکان و لە دەرەوەی کەمپەکان لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێنە، بەشی هەرە زۆری خەڵکی دەشتی نەینەوا و کەرکووک و شوێنەکانی دیکەی عێراقیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە. 

رێبەر ئەحمەد، باسی لەوەشکرد، ئەو بابەتانەی کە کێشەی لەسەر بوون لە رێککەوتنەکە ئاماژەی پێکراوە، رێککەوتنی شنگال ئامانج نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال زەمینەخۆشکردنە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140، ئێمە کێشەیەکی دەستووریمان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی ئەوەی ئیرادەیەک هەیە لە بەغدا کار دەکات بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور، یاسا و رێککەوتنەکان تەنانەت لێکتێگەشتنە سیاسییەکانیش، هەروەها لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەیە، بەڵام کاتێک هەردوو حکومەت دێن رێککەوتنەکان جێبەجێ دەکەن ئیرادەیەک هەیە لە پشت ئەو ئیرادە حکومییە کە ناهێڵێت ئەم رێککەوتنانە جێبەجێ بکرێن، گوتیشی: “دەبێت کار لەسەر ئەو بکەین بۆ ئەوەی ئەو ئیرادانەی پشت حکومەتی فیدراڵ پاڵپشت بن بۆ رێککەوتنەکانی سیاسی و دەستووری”.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە، لە دوای واژۆکرنی رێککەوتنامەی شنگال، هەوڵدرا ئیدارەی شەرعی بگەڕێندرێتەوە بۆ شنگال بەڵام هەندێک هێزی بەدەر لە یاسا کە عێراقین و هەندێکیشی عێراقی نین کە لە پەکەکە و هەندێک هێزی دیکە کە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە پێکهاتووە، لێناگەڕێن ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە بە بیانووی ئەوەی کە خەڵکی ناوچکە ئەم ئیدارەیان ناوێت.

رێبەر ئەحمەد، سەرجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە لە بەغدا تاوەکو ئێستا بوونی نییە. ناوبراو روونیکردەوە، سێ ساڵ و 10 رۆژ بەسەر واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە تێدەپەڕێت تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق یەک هەنگاوی بچووک نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە.

رێککەوتنەکە چی لەخۆدەگرێت؟

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە، بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

لە تەوەری کارگێڕیدا، جەخت لە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کراوەتەوە بەپێی رێکارە دەستووری و یاساییەکان، دوای ئەوەش پێداچوونەوە بکرێت بە سەرجەم پۆستە کارگێرییەکانی دیکە لەلایەن ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێندرێت.

لە تەوەری ئەمنیدا، دۆسیەی ئەمنی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئەمنی نیشتمانی و هەواڵگری دابێت، و پیداگیریشی کردووە لەسەر دوورخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری قەزاری شنگال.

هاوکات رێککەوتننامەکە ئاماژەی بە دامەزراندنی دوو هەزار و 500 کەس کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی قەزاکە کە خەڵکی ناوچەکە و ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان پێکبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو رێککەوتننامەیە بە روونی باس لە کۆتاییهێنان بە بوون و رۆڵی پەکەکە و رێکخراوە پاشکۆکانی لە قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات.

لە تەوەری سێیەمدا کە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، رێککەوتننامەکە باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

لە تەوەری کۆتاییدا، لیژنەیەکی مەیدانی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی هەردوو تەوەری کارگێری و ئەمنی رێککەوتننامەکە.

حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکەن

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کردووەتەوە و یەکێکیش بووە لە داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئەمەش لە کارنامەی کابینەکەی سوودانیدا جێگیرکرا و لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، ئەمه‌ریکا تەواو پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی سەروەری عێراق و ئاماژەی بەوەشکرد، “کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردن و دروستکرنی کۆسپی سیاسی لەبەردەم رێککەوتنی شنگال قەبوڵکراو نییە”.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی  کۆنفرانسی نۆ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییان رایگەیاند، پێویستە رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاسایشیان گەرەنتی بکرێت و شنگال دووبارە ئاوەدانبکرێتەوە.

لە هەمان بۆنەدا، جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەربڕی و بە پێویستی زانی هەرچی زووە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و لە زووترین کاتدا قایمقام و ئاسایشی ناوخۆ بۆ قەزاکە دابنرێت.