دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی ئەمەریكی كۆبووه‌وه‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 11/10/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی خاتوو ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی كردەوە كە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی عێراق بە گشتی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق، چەسپاندن و جێبەجێكردنی دروستی سیستمی فیدراڵییه‌ و شاندی میوانیش هاوڕای به‌ڕێزیان بوو.

شاندی میوان پشتگریی خۆیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە بەتایبەت لە چارەسەری كێشە سیاسی و ئابوورییه‌كانی نێوان هەردوولا و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریكی تا لە عێراق و هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن، دووپات كردەوە.

پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.