پلاسخارت: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پێشهاتێکی ئەرێنی بوو

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رێککەوتنی ئەمجارەی هەولێر و بەغدا بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبینێت و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد، “پێویستە مووچەی فەرمانبەران بپارێزرێت و تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێت”.

له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی ئا‌سایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا، جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگه‌یاند، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر؛ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە 14ی ئەیلوول سەردانی بەغدای کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر زوو دوای سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوازی قەرز، کە ئەمەش وایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات.

پلاسخارت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات و دەڵێت: هەرچەندە رێککەوتنەکە پێشهاتێکی ئەرێنی بوو، بەڵام بەس نییە بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکان و کاری زیاتر و بەپەلە لەپێشە بۆئەوەی قۆناغێکی نوێی نادڵنیایی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان نەیەتە ئاراوە.

جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە مووچەی فەرمانبەران بپارێزرێت و تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا.

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لەبارەی‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

دواتر نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ‌له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی پێویست بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌ دانیشتنی رۆژی 17ـی ئه‌یلوولی 2023، بڕیاردرا قه‌رزێك به‌ بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سێ قۆناغ، هه‌ر قۆناغێك 700 ملیار دینار دابین بكرێت.