دۆخی ئەمنیی شنگال و پارێزگای نەینەوا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گرێ دراون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەبێ هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و گەیاندنی ئاوەدانکردنەوە بۆ شنگال و کۆمەڵێک ناوچەی تر بە شتێکی ئاستەم هەژمار دەکرێت. ئەگەر ڕێککەوتنی شنگال کە سێ ساڵی بەسەردا تێدەپەرێت، نیوەی بڕگەکانیشی جێبەجێ کرابان دۆخی شنگال و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا ئەوە نەدەبوو کە ئێستا تێی کەوتوون.

ناوچەکە بە چەکداری نایاسایی و گرووپ و میلیشیای جیاواز تەنراوە و بە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدی دوور لە ماڵ و حاڵیان دەژین و هیچ هیوایەکیشیان بۆ گەڕانەوە نییە. کێشەی ئەمنیی و ناسەقامگیری و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک بە هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئەو خەڵکە هەژمار دەکرێت.
سێ ساڵ لەمەوبەر لە نۆ ی تشرینی یەکەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ڕێککەوتنێکی گرنگیان واژۆ کرد کە بە ڕێککەوتنی شنگال ناسرا . تا ئەم ساتە زۆربەی بەندەکانی ئەو رێککەوتنە لەلایەن بەغداوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە.
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە پەیوەستە بە پرسی ئەمنیی ئەو ناوچەیە و بە پێی رێککەوتنەکەی نێوان هەر دوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئەمنیی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆییدا بێت، و پیداگیریشی کردووە لەسەر دوورخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی تر بۆ دەرەوەی سنووری شنگال.
هەر لە ڕێککەوتننامەکە باس لەوە کرابوو دەبێت دوو هەزار و پێنج سەد کەس لە خەڵکی خۆجێیی دابمەزرێن بۆ ئەوەی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە ئەستۆ بگرن و سەرجەم هێزە نایاساییەکان لە ناوچەکە دوور بخرێنەوە. دبوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن بەڵام لە هیچ کام لەو بڕگانەی رێککەوتن جێبەجێ نەکراون و هەر ئەوەش وای کردووە دۆخی شنگال و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا نائارام و ناسەقامگیر بێت و ئاوارەکانیش نەتوانن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا لە دیداری دوێنێی ئەنستیتیوتی مێری کە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر کێشەکانی شنگال و سەرجەم کێشەکانی تری پارێزگاکە و گوتی کێشە سەرەکییەکەیان سوپایە و ئەگەر سوپا بچێتە دەرەوەی شارەکان و دۆخی ئەمنی شارەکان بە پۆلیس بسپێردرێن کێشەیان نامێنێت. ئەو ئاماژەی بە هەمان رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کرد لەبارەی شنگال و پێی باش بوو سەرجەم بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێن.
پارێزگاری نەینەوا پێداگریی لە پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو ئیدارەی مووسڵ و حکوومەتی عێراق، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی پەرەپێدانی پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆری بۆ سەر ئاسایش و ئارامی لە تەواوی پارێزگای نەینەوا هەیە.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت دوای ئەو نەهامەتییەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ شنگال لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد کرا، بەڵام دواتر خەڵکی تر خۆیان لەسەر شارەکە کردە خاوەن و چەندین گرووپی سەربازیی حەشدی شەعبی و میلیشیای جیاواز بە ناوچەکەدا بڵاو بوونەوە و ڕێیان لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە گرت.