عه‌لی ته‌ته‌ر: زانایانی ئایینی و ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌توانن كۆمه‌ڵگه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هۆشیار بكه‌نه‌وه‌

پارێزگاری دهۆك به‌ پێویستی ده‌زانێت مامۆستایان و زانایانی ئایینی رۆڵی زیاتر له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بگێڕن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زیانه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، هاوكات پێی وایه‌ ده‌بێت ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌ش هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕن و رۆڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌ زیانه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاگادار بكرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 10ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك له‌ گوتارێكدا له‌ میانی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانسێك به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ته‌ندروستی ده‌روونی كه‌ له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌چوو، جه‌ختیكرده‌وه‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ مادده‌ هه‌ره‌ ترسناك و مه‌ترسیداره‌كان، كه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌كارهێنانیدا شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ تێكده‌چێت و له‌ناو ده‌چێت.

پارێزگاری دهۆك له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا رووی له‌ مامۆستایان و زانایانی ئایینی كرد له‌میانی گوتاری هه‌ینی و بۆنه‌ و دانیشتنه‌كانیاندا به‌رده‌وام باس له‌ زیانه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بكه‌ن له‌ رووی شه‌ریعه‌ت و ئاداب و ره‌وشتی مرۆییه‌وه‌، كه‌ ئالووده‌بوون به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان مرۆڤ له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی ئایینی و مرۆیی و ره‌وشتی دوورده‌خاته‌وه‌.

عه‌لی ته‌ته‌ر هه‌روه‌ها به‌ پێویستیشی زانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكرێته‌ ناوه‌ندێك بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌كان و خۆبه‌دوورگرتنیان له‌ به‌كارهێنان و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان. هاوكات به‌ پێویستی زانی ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێته‌ بابه‌تێكی په‌روه‌رده‌یی و به‌شێوه‌ی زانستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و قوتابیان و فێرخوازان به‌ مه‌ترسییه‌كانی ئاشنا بكرێن.