نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی 200 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوونە

نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە نزیکەی 200 هەزار کەس کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا 10ـی دانیشتووانی غەززە ماڵ و حاڵی خۆیان لە کەرتی غەززە بەجێهێشتووە، هەروەها بەهۆی گەمارۆکانەوە رووبەرووی کەمی ئاوی خواردنەوە و کارەبا بوونەتەوە.

جێنس لایرکە، گوتەبێژی نووسینگەی کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ژنێڤ گوتی: ئاوارەبوونی هاووڵاتیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە بە شێوەیەکی خێرا پەرەی سەندووە و لە رۆژی شەممەوە تاوەکو ئێستا، 187 هەزار و 500 کەسی تێپەڕاندووە، کە زۆربەیان پەنایان بردووەتە بەر قوتابخانەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەردەوامی شەڕەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، چاوەڕوان دەکرێت ئەو رێژەیەیی ئاوارەبوون بەرزببێتەوە.

لەلیەکی دیکەوە، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، رێکخراوەکە 13 هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە تۆمارکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی کە لە کەرتی غەززەدا پێشتر هەڵگیرابوون ئێستا تەواو بوون.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی “زریانی ئەقسا”یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانە داوە.